ئەمشەو بارسێلۆنا لە جامی شا رووبەڕووی یانەیەكی پلەسێی ئیسپانیا دەبێتەوە

راهێنەری گواردالاراخا: ئەم یارییە بۆ ئێمە تەنیا بۆ چێژوەرگرتنە

یاریگەی یانەی دیپۆرتیڤۆ گواردالاراخا كە یارییەكەی بەرامبەر بارسێلۆنا لەنێو دەكرێت
یاریگەی یانەی دیپۆرتیڤۆ گواردالاراخا كە یارییەكەی بەرامبەر بارسێلۆنا لەنێو دەكرێت

بارسێلۆنا لە یەکەم یاری ئەم وەرزەی جامی شای ئیسپانیا، لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی یانەی گوادالاخارای پلەسێی ئیسپانیا دەبێتەوە. یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا دوای حەوت بردنەوەی لەسەریەک لە لالیگا، ئەمجارەیان لە یەکەم یاری ئەم وەرزەی جامی شا لە  رووبەڕووی یانەی گوادالاخارا دەبێتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە لە قۆناغی 32ـی جامی شای ئیسپانیا، یانەی گوادلاخارا لە یاریگە بچووكەكەی كە شوێنی كەمتر لە 10 هەزار هاندەر دەگرێت میوانداریی بارسێلۆنا بكات.
سەرجەم یاریزانەکانی تیپی یەکەمی بارسێلۆنا بەشدارییان لە دوایین یەکەی ئامادەکاری یانەکەیان کرد، بێجگە لە رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی گۆڵکاری پۆڵەندی یانەکە، بەڵام هانزی فلیکی راهێنەری یانەکە رایگەیاند، لیڤا بۆ ئەم یارییە بەردەست دەبێت.

لێدوانەكانی هانزی فلیك لەبارەی یارییەكە:
بەڵێ ئامانجی ئێمە بردنەوەی جامی شایە، دەمانەوێت هەموو نازناوەكان ببەینەوە، پێموایە كوالیتی و توانای ئەوەمان هەیە ئەو كارە بكەین، بەڵام هێشتا رێگای بردنەوەی نازناوەكان دوور و درێژە.
ئێمەش هاوشێوەی ناوبژیوانان هەڵە دەكەین، ئەوان بەشێكن لە یارییەكە و بەبێ ئەوان هیچمان پێناكرێت، واباشترە سەرنجمان لەسەر تیپەكە و شێوازی یاریكردنی خۆمان بێت
ئێمە باشترین سێ گۆڵپارێزمان هەیە، بەڵام قسەكەم روونە خوان گارسیا گۆڵپارێزی یەكەمە، بۆ ئەم یارییە خوان گارسیا پشوو وەردەگرێت و بە سەرەكی یاری ناكات. چیزنی بۆ ئێمە گرینگە تەنانەت لە دەرەوەی یاریگەش، مانەوە و رۆیشتنی تیر شتیگن لەدەستی خۆیەتی و من رێزی لێدەگرم.

لێدوانەكانی پێری مارتی راهێنەری دیپۆرتیڤۆ گوادالاخارا:
دەزانم ئەركمان زۆر قورسە، بەڵام بە یاریزانەكانم گوتووە لە بارسێلۆنا نەترسێن و پێویستە ئازابن، ئەم یارییە بۆ چێژوەرگرتنە، حەز دەكەم هەموو یاریزانەكانی بارسێلۆتا ئامادە بن، بەتایبەتی لیڤاندۆڤسكی، هەرچەندە گومانم لە بەشداریكردنی ئەو یاریزانە هەیە، دەزانم بەرگریكارەكانم پاڵەپەستۆیەكی زۆری هێرشبەرانی بارسێلۆنایان دەكەوێتە سەر، بەڵام كارمان لەسەر ئەوە كردووە كە هیچ هەڵەیەك نەكەین.

ئامارە مێژووییەكان
بارسێلۆنا پاڵەوانی وەرزی رابردووی جامی شای ئیسپانیا، شەش یارییە لەسەر یەک لە جامەکە نەدۆڕاوە، دوایین دۆڕانیشیان دوو وەرز لەمەوبەر لە قۆناغی چارەکی کۆتایی بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو بوو، ئەویش لە دەرەوەی یاریگای خۆی.
بارسێلۆنا دوایینجار کە بەرامبەر یانەیەک دۆڕابێت و لە پلەکانی خوارەوەی لالیگا بێت، ساڵی 2004 بوو ئەو کات لە قۆناغی دووەمی جامی شای ئیسپانیا، بەرامبەر یانەی گرامێنێت بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ وەڵام دۆڕا و ماڵئاوایی لە جامی شای ئیسپانیا کرد.

 

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل