شەپۆلێکی بەفر و باران ڕوو لە کوردستان دەکات
بەگوێرەی نوێترین داتاکانی چاودێریکردنی کەشوهەوا، هەرێمی کوردستان کەوتووەتە ژێر کاریگەریی دیاردەیەکی کەشوهەوای تێکەڵەوە، لەکاتێکدا شەپۆلێکی چڕی تەمومژ بەشێک لە ناوچە دەشتاییەکانی داپۆشیوە و مەودای بینینی بۆ ئاستێکی مەترسیدار کەم کردووەتەوە، هاوکات پێشبینی دەکرێت لە سبەینێوە گۆڕانکاریی بەرچاو لە کەشوهەوادا ڕوو بدات و شەپۆلێکی بەفر و باران ناوچە شاخاوییەکان بگرێتەوە.
کاریگەرییەکانی ئەو تەمومژەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە، بەردەوامیی دەبێت تا بەرەبەیانی سبەی، بەڵام کاریگەرییەکەی لەسەر شارەکان جیاوازە، بەپێی تۆمارەکان، سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە، بەجۆرێک لە ناو شاری هەولێر مەودای بینین بۆ تەنیا 200 مەتر کەم بووەتەوە و لە ناوچەی شەمامک دۆخەکە سەختترە و مەودای بینین تەنیا 100 مەترە، کە ئەمەش هۆشدارییەکە بۆ شۆفێران تا لەم سنوورانەدا زۆر بە وریاىیەوە مامەڵە بکەن.
لە بەرانبەردا، ناوچە شاخاوییەکان و شارەکانی دیکە ئاسمانیان ڕوونترە؛ لە پیرمام، سلێمانی و چەمچەماڵ مەودای بینین لە باشترین ئاستدایە و دەگاتە 10 کیلۆمەتر، هەروەها لە پارێزگای دهۆک مەودای بینین 7 کیلۆمەتر و لە زاخۆ 6 کیلۆمەتر تۆمار کراوە، کە ئاستێکی ئاسایی و بێ مەترسییە.
سەبارەت بە پێشبینییەکانی سبەی سێشەممە، نەخشە کەشناسییەکان ئاماژە بە هاتنی شەپۆلێکی بارانبارین و بەفربارین دەکەن کە بەسەر زۆربەی ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستاندا دەبێت، چەقی هێزی ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەبێت، کە پێشبینی دەکرێت سپیپۆش بن.
دیاردەی دروستبوونی تەمی چڕ لەم وەرزەی ساڵدا (ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەم) لە هەرێمی کوردستان، زۆرجار دەرەنجامی جیاوازیی پلەکانی گەرمایە لەنێوان چینەکانی خوارەوە و سەرەوەی هەوا ، بەتایبەت لە ناوچە دەشتاییەکانی وەک هەولێر کە شێی زەوی بەرز دەبێتەوە و لەگەڵ هەوای سارددا چڕ دەبێتەوە.
هاوکات، هاتنی ئەم شەپۆلە بەفر و بارانە بۆ ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان، سەرەتایەکی گرنگە بۆ بوژانەوەی سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی و پڕبوونەوەی بەنداوەکان لە هەرێمدا، ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی بەرزیی ئاستیان لە ڕووی دەریاوە، یەکەم وێستگەی پێشوازیکردنن لەو نزمەپاڵەپەستۆیانەی لە دەریای ناوەڕاست و تورکیاوە ڕوو لە ناوچەکە دەکەن
