گرێبەستی جووتیارانی هاوردە ڕادەگیرێت و زەوییەکان دەگەڕێنەوە دۆخی یاسایی خۆیان
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و پاراستنی مافی خاوەن زەوییە ڕەسەنەکان، هەنگاوێکی یاسایی گرنگ لە قەزای دووزخورماتوو دژی سیاسەتی تەعریب و دەستبەسەرداگرتنی زەوییە کشتوکاڵییەکان تۆمار کرا.
بە هەوڵی نوێنەرانی کورد لە بەغدا، بڕیاری یەکلاکەرەوە دەرچوو کە زەوییەکانی ئەو سنوورە بەشێکن لە ناوچەکانی ماددەی 140 و یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ڕژێمی پێشوو دەیانگرێتەوە.
دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی لیژنەی ماددەی 140 لە پەرلەمان، دوای ئەنجامدانی دیدارێکی مەیدانی لەگەڵ جووتیارانی گوندەکانی (ئەلبو سەباح و تەپەسەوز) لە سنووری دووزخورماتوو و گوێگرتن لە کێشەکانیان، بە نووسراوێکی فەرمی لە 4ـی تشرینی یەکەمی 2025 ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی کرد.
ناوەڕۆکی داواکارییەکە جەختکردنەوە بوو لە ڕاگرتنی نوێکردنەوەی گرێبەستی کشتوکاڵی بۆ ئەو کەسانەی کە بە جووتیاری هاوردە ناسراون، بەو پاساوەی کە ئەو زەوییانە کێشەی خاوەندارێتییان لەسەرە و دەکەونە چوارچێوەی ماددەی 140ـی دەستووری عێراقەوە.
هەوڵەکە ڕووبەڕووی بەربەستێکی ئیداری بووەوە کاتێک بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای سەڵاحەدین، لە وەڵامدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەو زەوی و ناوچانە بڕیارەکانی ماددەی 140 و بڕیاری ژمارە 29ـی لیژنەی کاروباری باکوور و یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس نایانگرێتەوە، هەوڵێک کە بە مەبەستی بەردەوامیدان بە دۆخی سەپێندراوی پێشوو لێکدرایەوە.
دوای دروستبوونی ئەو مشتومڕە یاساییە، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق داوای ڕوونکردنەوەی لە لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 لە ئەنجوومەنی وەزیران کرد، دەرەنجامەکە لە بەرژەوەندیی کورد و جووتیارە ڕەسەنەکان شکایەوە، لیژنەی باڵای ماددەی 140 بە نووسراوی ژمارە 1334 لە ڕێکەوتی 11ـی کانوونی یەکەمی 2025، بە فەرمی وەڵامی وەزارەتی کشتوکاڵی دایەوە و ئەو گومانەی ڕەواندەوە.
بەپێی بڕیارە یەکلاکەرەوەکە، ئەو زەوییانەی سنووری دووزخورماتوو بە ڕوونی ماددەی 140 دەیانگرێتەوە و بەشێکن لەو زەوییانەی کە دەبێت بخرێنە ژێر ڕکێفی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە، ئەمەش بە واتای پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی کشتوکاڵی سەڵاحەدین و سەرکەوتنێکی گەورە دێت بۆ گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەنە ڕەسەنەکان.
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت: پرسی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە ناوچەکانی کەرکووک، دووزخورماتوو و دەشتی نەینەوا، یەکێکە لە پاشماوە مەترسیدارەکانی سیاسەتی تەعریب کە ڕژێمی بەعس پەیڕەوی دەکرد، لە ڕابردوودا لەڕێگەی لیژنەی ئەمنی و کاروباری باکوور، بە هەزاران دۆنم زەوی لە جووتیارانی کورد و تورکمان و پێکهاتەکانی دیکە زەوت دەکران و گرێبەستی کشتوکاڵییان بۆ عەرەبی هاوردە (وافیدین) لەسەر دەکرایەوە تاوەکو گۆڕانکاریی دیموگرافی لە ناوچەکەدا جێگیر بکەن.
سەرەڕای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق لە 2003، لە زۆرێک لەو ناوچانە بە پاساوی جۆراوجۆر هێشتا گرێبەست بۆ جووتیارە هاوردەکان نوێ دەکرێتەوە و ڕێگری لە جووتیارانی کورد دەکرێت زەوییەکانیان بکێڵن، ئەم بڕیارەی دوایی لیژنەی ماددەی 140 بە دەستکەوتێکی ستراتیژی دادەنرێت بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو گرێبەستانەی کە لەسەر بنەمای گۆڕینی دیموگرافیا کراون و دڵنیایی دەدات کە زەوییەکان دەبێت بگەڕێنەوە بۆ خاوەنە شەرعییەکانیان پێش بڕیارەکانی بەعس.
