هێزەکانی پشتیوانیی یەک بە چەکی قورس تواناکانیان تاقی دەکەنەوە

هێزەکانی پشتیوانیی یەکی پێشمەرگە
هێزەکانی پشتیوانیی یەکی پێشمەرگە

لە چوارچێوەی بەرنامەی پەرەپێدانی توانای سەربازی و ئامادەکارییەکان بۆ پاراستنی خاکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 15ـی کانوونی یەکەمی 2025، ، فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەکی پێشمەرگە، بەناونیشانی (مانۆڕی شێر)، نمایش و مەشقی سەربازیی بە بەکارهێنانی چەکی قورس و زرێپۆش لە بناری چیای پێرس ئەنجام دا، تێیدا ئاستێکی بەرزی ئەکادیمی و مەیدانیی هێزەکانی پێشمەرگە خرایە ڕوو.

مانۆڕەکە بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی فەریق سیهاد بارزانی، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەک و بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت و فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان بەڕێوەچوو، هەروەها نوێنەرانی باڵای هێزەکانی هاوپەیمانان و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵای وەزارەت و فەرماندەیی دەڤەری یەک، لە نزیکەوە چاودێریی وردەکاریی جێبەجێکردنی پلانە سەربازییەکانیان کرد.

ئەم مانۆڕە وەک بەرهەمی کۆتایی زنجیرەیەک مەشقی چڕ و پڕۆفیشناڵ دێت کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی مەشقی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان ڕێک خرابوو.

 لە ماوەی ڕابردوودا، 611 ئەفسەر و پێشمەرگەی سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەک، بەشدارییان لە نۆ خولی پێشکەوتووی تایبەتمەند کردووە، خولەکان بوارە هەستیارەکانی وەک بنەمای تۆپخانە، تانک، زرێپۆش، هاوکار، کارپێکەرانی تۆپ ئەندازەی سەربازی، هێزی پیادە و پەیوەندییەکان (بێتەل)ی گرتووەتەوە، جگە لە چەندین خولی سەرەتایی و مامناوەندی دیکە.

لە بەشی کردەیی مانۆڕەکەدا لە بناری چیای پێرس، هێزە بەشداربووەکان بە ئاستێکی بەرز لە لێوەشاوەیی و دیسپلینی سەربازی، تواناکانی خۆیان خستە گەڕ، لە چالاکییەکەدا جۆرە جیاوازەکانی چەکی قورس، مامناوەند و سووک بەکار هێنران و بە سەرکەوتوویی و بەپێی ئەو پلانە ئەکادیمییەی بۆیان دانرابوو، ئامانجە دیاریکراوەکانیان پێکا و ئامادەیی تەواوی خۆیان بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو نیشان دا.

هێزەکانی پشتیوانیی یەک و دوو، بە بڕبڕەی پشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دادەنرێن لە ڕووی خاوەندارێتیی چەکی قورس (تۆپخانە و تانک) و پاڵپشتیی ئاگر بۆ هێزەکانی پیادە لە بەرەکانی جەنگدا.
ئەم مانۆڕە سەربازییە لە کاتێکدایە کە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و بە سەرپەرشتیی هاوپەیمانان لە قۆناغێکی هەستیاردایە، ئەنجامدانی مانۆڕی لەم شێوەیە بە چەکی قورس و بە بەشداریی هاوپەیمانان، پەیامێکی گرنگی سەربازییە کە هێزی پێشمەرگە لە قۆناغی شەڕی پارتیزانییەوە بەرەو سوپایەکی نیشتمانیی ڕێکخراو و خاوەن دیسپلین هەنگاو دەنێت، کە توانای بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و چەکە پێشکەوتووەکانی هەیە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە هەر هەڕەشەیەکی تیرۆریستی و ئەمنی.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل