کرماشان.. مەرگێکی لەسەرخۆ هەڕەشە لە نەخۆشانی تالاسیمیا دەکات

نزیکەی 308 نەخۆشی تالاسیمیا لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەن و ئێستا ڕووبەڕووی قەیرانی جددی کەمیی دەرمان و نەبوونی بیمە و گرانیی نرخی دەرمان بوونەتەوە. 

ئەشکان زەینەددینی، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی تالاسیمیای پارێزگای کرماشان، ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی کانوونی یەکەم 2025، بە ئاژانسی 'ئیرنا'ـی ڕاگەیاند "زیاتر لە 20 هەزار نەخۆشی تالاسیمیا لە ئێراندا هەن، لەنێوایاندا 308 کەسیان نیشتەجێی پارێزگای کرماشانن و لەبەر کەمیی و گرانیی دەرمان و نەبوونی بیمە، لە بارودۆخێکی نالەباردا دەژین."

بڕینی هاوکاریی دارایی حکوومەت

زەینەددینی، دەربارەی هەواڵی بڕینی هاوکارییەکانی حکوومەت بۆ پاڵپشتی دەرمانی نەخۆشان تالاسیمیا، گوتی: ئەمە بڕیارێکی نالەبار و نامرۆڤانەیە، چونکە نەخۆشانی تالاسیمیا هەر لە ئێستاوە گیرۆدەی کۆمەڵێک گرفت، وەک کەمیی دەرمان و قۆرغکردنی لە بازاڕی ڕەشدا و نەبوونی دەرمانی هاوردەکراو، بوونەتەوە. لابردنی هاوکاریی حکوومەت لەوانەیە ببێتە هۆی مەرگی لەسەرخۆی ئەو نەخۆشانە.

بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی تالاسیمیای پارێزگای کرماشان، ڕوونی کردەوە "نەخۆشانی تالاسیمیا بەسەر دوو گرووپی 'ماژۆر' و 'ئینتەرمێدیا' دابەش دەکرێن، گرووپی ماژۆر، مانگانە خوێن وەردەگرن و بۆ ڕێگریی لە بەرزبوونەوەی ئاسن لە خوێنیاندا، دەبێت دەرمانی دژە ئاسن وەک حەبی 'دێفێراسیرۆکس' (Deferasirox) و دەرزیی 'دێفێرۆکسامین' (Deferoxamine) بەکار بهێنن، کە ئەم دەرمانانە خۆیان لێکەوتە و کێشەی تایبەتیان هەیە."

زینەددینی، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: جۆرە بیانییەکانی ئەم دەرمانانە بە ناوەکانی "دێسفێراڵ" (Desferal) و "جایدێنیۆ" (Jadenu) لە بازاڕدا هەن، بەڵام بە ئاسانی دەست ناکەون؛ لە لایەکی دیکەوە تێچووی ئەم دەرمانانە بە تەواوی لە لایەن بیمەوە پاڵپشتیی ناکرێن  و نەخۆشان ناچارن بە نرخێکی یەکجار گران لە بازاڕی ڕەش بکڕن، کە لەتوانا و داهاتیان زیاترە.

گرانیی دەرمان و نەبوونی ئامێری تایبەت

بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی تالاسیمیای پارێزگای کرماشان، جەختی کردەوە لەوەی "یەکێکی تر لە کێشە جددییەکانی بەرۆکی نەخۆشانی تالاسیمیای پارێزگاکەی گرتووتەوە، نەبوونی ژێرخانی پسپۆڕی و تایبەتە. بۆ نموونە، نەبوونی ئامێری MRI T2 یان تیتۆستار (T2 star) بۆ هەڵسەنگاندنی ڕێژەی ئاسنی نیشتوو لە دڵ و جگەردا، یەکێکە لە کێشە ڕیشەییەکان، هەروەها ئامێری پێوانی چڕیی ئێسک لە نەخۆشخانەی بوستان، کە ناوەندی سەرەکیی چارەسەری نەخۆشانی تالاسیمیایە، زیاتر لە سێ ساڵە پەکی کەوتووە و تا ئێستا چاک نەکراوەتەوە."

زەینەددینی، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی کۆمەڵەی تالاسیمیای پارێزگا و  چەندان کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیدار و ناردنی نامە و سکاڵانامە، تا ئێستا کێشەکانی نەخۆشانی تالاسیمیای پارێزگای کرماشان چارە نەکراون.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل