هاندەرانی زاخۆ بە بۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی "باشترین هاندەری جیهان" ئاهەنگ دەگێڕن
دوای ئەوەی هاندەرانی یانەی وەرزشیی زاخۆ لە ڕاپرسییەکی نێودەوڵەتیدا پلەی یەکەمی "باشترین هاندەری جیهان"یان بەدەستهێنا، خەڵکی شارەکە ڕژانە سەر شەقامەکان و ئاهەنگێکی گەورەیان گێڕا.
لە نێو ئاهەنگەکەدا، منداڵان و گەنجان بە گوتنەوەی دروشم خۆشەویستی و دڵسۆزیی خۆیان بۆ یانەکەیان دووپات دەکەنەوە.
هاووڵاتییانی زاخۆ لە لێدوانەکانیاندا بۆ کوردستان 24، ئەم دەستکەوتەیان بە هی هەموو کوردستان و عێراق وەسف کرد. یەکێک لە بەشداربووان گوتی: سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین لە هەر چوار پارچەی کوردستان کە دەنگیان پێداین. ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە و داوا لە حکوومەتی هەرێم دەکەین ئەم ڕۆژە بکاتە پشووی فەرمی لە زاخۆ و کوردستان.
بەشێکی دیکە لە هاندەران سوپاسی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ پشتیوانییە بەردەوامەکانی.
یەکێک لە گەنجە بەشداربووەکان گوتی: ئەمە شانازییەکی گەورەیە کە پلەی یەکەممان لەسەر ئاستی جیهان بەدەستهێناوە. هۆکاری سەرەکیی ئەم سەرکەوتنەش یەکڕیزیی گەلی کورد بوو، کە هەمووان پێکەوە دەستیان خستە ناو دەستی یەک بۆ سەرخستنی زاخۆ.
ئەم سەرکەوتنە دوای ئەوە دێت کە هاندەرانی یانەی زاخۆ بەوە ناسراون کە لە هەموو یارییەکاندا بە ژمارەیەکی زۆر و بە جۆشوخرۆشەوە ئامادە دەبن و پاڵپشتییەکی بەهێز بۆ یانەکەیان دابین دەکەن.
