پرۆتینێک ڕۆڵی لە دەرکەوتنی چەند حاڵەتێکی نەخۆشیی و شێرپەنجەدا ئاشکرا دەکرێت
توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی ویسکۆنسن لە مادیسنی ئەمەریکا، ئاشکرای کردووە، کێشە لە پرۆتینێکی سەرەکیی پاراستنی جێگیریی کرۆمۆسۆمەکان، ڕەنگە ببێتە هۆی چەند حاڵەتێکی مەترسیداری تەندروستی، کە هەندێکیان کوشندەن.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری زانستییScience بڵاوکراوەتەوە، لیستێکی نوێی گۆڕانکاریی پرۆتینی بۆ پزیشکان و نەخۆشان خستووەتەڕوو، کە پێویستە پشکنینیان بۆ بکرێت لە کاتی دەستنیشانکردنی هەندێک جۆری شێرپەنجە و تێکچوونی مۆخی ئێسقان.
کرۆمۆسۆمەکان کە لە کۆمەڵێک DNA و پرۆتین پێکهاتوون و هەڵگری زانیاریی بۆماوەیین، پشت بە چەند داپۆشەرێکی پارێزەر دەبەستن لە کۆتاییەکانیاندا بە "تیلۆمیرەکان" ناسراون. ئەم داپۆشەرانە لە ڕیزبەندی دووبارەبووەوەی DNA و پرۆتینەکان پێکدێن؛ لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن، تیلۆمیرەکان بە شێوەیەکی سروشتی کورت دەبنەوە، بەڵام هەر تێکچوونێک لە دروستبوون یان پاراستنیاندا دەکرێت جێگیریی DNA کەم بکاتەوە و مەترسیی پیربوون یان نەخۆشی زیاد بکات.
توێژەران ڕۆڵی سەرەکیی پرۆتینێک کە بە "پرۆتینی دووبارەبوونەوە A" (RPA) ناسراوە لە پاراستنی تیلۆمیرەکاندا ئاشکرا کردووە، چونکە کار دەکات بۆ چالاککردنی ئەنزیمی تیلۆمیراز، کە بەرپرسە لە زیادکردنی ڕیزبەندییە دووبارەبووەوەکان بۆ تیلۆمیرەکان و پاراستنی درێژییان.
هەرچەندە ماوەیەکی زۆرە زانایان ڕۆڵی RPA لە دووبارەکردنەوە و چاککردنەوەی DNA دەزانن، بەڵام گرنگییەکەی لە پشتگیریکردنی تەندروستیی تیلۆمیرەکان لە مرۆڤدا پێشووتر پشتڕاست نەکرابووەوە.
پرۆفیسۆر سی جی لیم، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە، ڕوونی دەکاتەوە: "هەندێک نەخۆش هەن بەبێ ڕوونکردنەوەیەکی ئاشکرا، تووشی تێکچوونی تیلۆمیرە کورتەکان بوون، ئێستا هۆکارێکی گونجاومان هەیە: شکستی RPA لە چالاککردنی ئەنزیمی تیلۆمیراز، کە هەندێک گۆڕانکاریی بۆماوەیی پەیوەندیدار بە نەخۆشییەکانی تیلۆمیرەی کورت ڕوون دەکاتەوە."
لەوەتەی توێژینەوەکە بڵاوکراوەتەوە، پزیشکان و زانایان لە وڵاتانی جیاوازەوە پەیوەندییان بە تیمی توێژینەوەکەوە کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی، ئایا نەخۆشیی نەخۆشەکانیان پەیوەندییان بەو گۆڕانکارییە جینییانەوە هەیە کە کاری نوێ-دۆزراوەی پرۆتینی RPA تێک دەدەن یاخود نا.
توێژینەوەکە پاڵپشتیی دارایی لە پەیمانگە نیشتمانییەکانی تەندروستیی ئەمەریکا، نووسینگەی جێگری سەرۆکی زانکۆی وایسکۆنسن-مادیسۆن بۆ توێژینەوەی زانستی، دامەزراوەی توێژینەوەی دەرچووانی وایسکۆنسن، و بەشی کیمیای بایۆلۆجیی زانکۆکە وەرگرتووە.
