ئاڵای کوردستان لە ناوەندێکی خوێندنی چەمچەماڵ هەڵکرا
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پیرۆزبایی ڕۆژی ئاڵای کوردستانی کرد و ڕایگەیاند: "بەهۆی کاریگەرییەکانی لافاوەکەی ئەم دواییە، بڕیارماندا لەو ناوەندانەی خوێندن کە سەر بە پەروەردەی چەمچەماڵ و پەروەردەی گشتیی سلێمانین، دەوام ڕابگیرێت تا ئەو کاتەی دەتوانین قوتابخانەکان دەخەینەوە بواری خزمەت."
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەش دا، بۆ ئەوەی ڕۆژی ئاڵای کوردستان هەروا تێنەپەڕێت، بە شێوەیەکی ڕەمزی مەراسیمەکەیان لە یەکێک لەو قوتابخانانە ئەنجامداوە کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە.
ئالان حەمەسەعید گوتیشی: "نزیکەی 80 ساڵ پێش ئێستا ئەم ئاڵایە لە مەیدانی چوارچرا بە ئامادەبوونی پێشەوا قازی محەممەد و مستەفا بارزانیی نەمر، هەڵکراوە و ڕادەستی ئێمە کراوە تا نەوە دوای نەوە لە سایەیدا خزمەتی خەڵک و خاکەکەمان بکەین."
لەبارەی دۆخی ناوچەکەشەوە، وەزیری پەروەردە دڵنیایی دایە دانیشتووانی چەمچەماڵ کە ئەم دۆخە تێدەپەڕێنن و ڕوونی کردەوە: "دوای بەیاننامەکەی سەرۆک وەزیران و ڕاسپاردنی دامودەزگاکانی حکوومەت، چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا سەردانی ئەم سنوورەمان کرد و هەشت بڕیارمان دەرکرد، خۆشبەختانە لە ماوەی شەش ڕۆژدا سەرجەم بڕیارەکانمان جێبەجێ کردووە."
