ئیسپانیا بە 13 فیلم لەفێستیڤاڵی فیلمی دهۆک بەشدار بوو
خولی دوازدەیەمی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی دهۆک کۆتایی هات و 21 خەڵات بەسەر سەرکەوتووانی فێستیڤاڵەکە دابەشکران.
فێستیڤاڵەکە بۆ هەشت ڕۆژ بەردەوام بوو، 110 فیلمی ناوخۆیی و بیانی نمایشکران. بابەتی سەرەکیی فیلمەکانیش لەسەر وشکەساڵی و گۆڕانیی کەشوهەوا بوو و ئیسپانیاش وەکو وڵاتی میوان بە 13 فیلم بەشداربوو.
هەژی ئەسعەددین، یەکێکە لە سەرکەوتووانی فێستیڤاڵەکە بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، "لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتووم و دووەمین جارە بەشداری لە فێستیڤاڵەکە بکەم ، یەکەم جاریشمە خەڵات وەربگرم و یەکەم ساڵە کە فێستیڤاڵەکە خەڵاتێکی تایبەت بۆ ئەم بەشە تەرخان بکرێت، ئەویش خەڵاتی پانۆرامای کوردییە لە کورتە فیلم."
شێروان حاجی، دەرهێنەر و نووسەری فیلمی "My name is Hope" کە بە کوردستان24ی ڕاگەیاند،" منیش بەشداری کێبڕکێکە بووم، خەڵاتی کورتە فیلمی نێودەوڵەتیم پێ بەخشر و زۆر دڵخۆشم .
دوای هەشت ڕۆژ لە بینینی فیلمەکان لەلایەن تیمی هەڵسەنگاندنی فێستیڤاڵەکەوە، فیلمە براوەکان بە گوێرەی چیرۆک و هەندێک پێوەری هونەری دەستنیشان کران.
ئالژین حەسەن، ئەندامی لێژنەی فێستیڤاڵ بە کوردستان24ی ڕاگەیاند،"بەهۆی باشی فیلمەکان زۆر قورس بوو بۆمان کە کامیان هەڵبژێرین بۆ خەڵات و فیلمە کوردییەکانیش زۆر باش بوون و هیوادارم هەڵبژاردنی دروستمان کردبێت."
وشکە ساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا کە مەترسیدارترین بابەتی جیهانن، ناونیشانی سەرەکی خولی دوازدەیەمی فێستیڤاڵی دهۆک بوون.
ئەمیر عەلی بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری دهۆک بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: خولی ئەمجارەی فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک خولێکی سەرکەوتوو بوو، ئێمە هەمیشە پشتگیری تەواوی خۆمان بۆ فێستیڤاڵەکە دوپات دەکەینەوە بۆ ئەوەی سەرکەوتنی زیاتریش بەدەستبهێنێت.
