لە دەروازەی پەروێزخان سەرانە لە شۆفێرانی بارهەڵگر وەردەگیرێت

وەرگرتنی باجی جۆراوجۆر و هێنانی کەلوپەلی نایاسایی، باری قاچاغ و ڕێگریکردن لەو بارهەڵگرانەی کەلوپەل لە دەروازەی پەرۆێزخانەوە بۆ ناوڕاست و باشووری عیراق دەگوازنەوە بوونەتە هۆکاری ئەوەی سەدان شۆفێر و کرێکار بێکار بن و بازرگانانیش ڕوو لەدەروازەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی عیراق بکەن بەهۆی ئەو گرفتانەی لەدەروازەی نیودەوڵەتی پەرۆێزخان بەرۆکی بازرگان و شۆفیرانی گرتووە.

بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، بەهۆی وەرگرتنی باجی زیادە لە دەروازەی نیودەوڵەتی پەرۆیزخانی سنووری نێوان ئیران و هەرێمی کوردستان، جوڵەی بازرگانیی لەم سنوورە کەمبووەتەوە و یەکێک لەو شۆفێرانەی رۆژانە هاتوچۆی تیا دەکات دەڵیت، لە پێنچ جێگا بەناوی جیا جیا باج لە بارهەڵگرەکان وەردەگیریت.

شۆفێرێکی بارهەڵگر بە کوردستان24ی گوت "ئێمە کە داخەڵی ناو مەرز دەبین و دەچینە دیوی ئێران و دێینەوە ئەو دیوە، ئاوێک دانراوە کە گوایە لە ڤایرۆس بارهەڵگرەکە خاوێن دەکات سەرەڕای ئەوەی کە کۆرۆنا نەماوە ئەو ئاوە هەر ماوە و دەبێت 20-25 دۆلار بۆ ئەو پرۆسەیە بدەین، دواتر سۆنەرێک هەیە دەبێت لەوێش  25 دۆلار بدەین پاشان دووبارە پشکنینێکی دیکە هەیە کە تێچووەکەی 55 دۆلارە و ئەو بارهەڵگرانەی کە چادریان بەسەرەوەیە دوچاری شەش تا حەوت پشکنین دەبنەوە و بۆ هەر پشکنینێک دەبێت 25 هەزار بدەن."

جگە لە وەرگرتنی پارە بە ناوی باج لە دەرەوەی یاسا و بەبێ ئاگاداری حکوومەت، لەم سنوورە ڕۆژانە دەیان کەلوپەلی رێگەپێنەدراو دەهێنرێتە نێو هەرێمی کوردستان، ئەندامێکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە و بە هۆکارێکی سەرەکیی کەمبوونەوەی هاتوچۆی بارهەڵگرەکان دایدەنێت لە ڕێی دەروازەی پەروێزخانەوە.

کەریم عەلی ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: لە هەموو دەروازەکانەوە ڕێککەوتن (تەنسیقات) دەکرێت بەبێ ڕەچاوکردنی گومرگییەوە  ئەو بارانە دخەڵ دەکرێن و دەتوانرێت لە کامیرەکانی دەروازەکانەوە ئەوە بە ئاسانی ببینرێت و ڕێگری لەو کۆمپانیا جۆراوجۆرانە بکرێت کە بە پارە لە خەڵک وەردەگرن بۆ ئەوەی داهاتاکەشی بۆ حکوومەت بگەڕێتەوە نەک بۆ کەس و گرووپ و کۆمپانیا.

لە ماوەی ڕابردوو دا 2700 شۆفێر و 500 بازرگان ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لە ڕێگەی دەروازەی پەروێزخانەوە دەکرد، وەرگرتنی پارە لە دەرەوەی یاسا بووەتە هۆکاری بێکاربوونی سەدان لەم شۆفێرانە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل