ڕێگریی لە گەنجانی کەرکووک دەکرێت ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەری پێشمەرگە هەڵبکەن
گەنجانی کەرکووک خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست و داوایان کرد ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەری پێشمەرگە هەڵبکەن، بەڵام لەلایەن هێزێکی زۆری ئەمنیی عێراقەوە ڕێگرییان لێ کرا.
بەشێک لەو گەنجەکانەی کەرکووک دەڵێن "دەبێت ئاڵای کوردستان لە تەنیشت ئاڵای عێراق هەڵبکرێت، بەشێکی دیکە دەڵین لەبەر ئەوەی پەیکەری پێشمەرگەیە، دەبێت تەنیا ئاڵای کوردستانی لەسەر هەڵبکرێت."
یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان بە کوردستان24ـی گوت: لە 16ـی ئۆکتۆبەرەوە ئاڵای کوردستان لەسەر ئەو پەیکەرە لادراوە، ئاماژەی بەوەش دا، ئێمە لە کەرکووک بێخاوەنین، ئیدارەی ئەو شارە زۆر لە کوردەکان بێباکە، ئیدارەیەکی بێدەسەڵاتە.
گوتیشی: ئێمە داوا لە ئیدارەی ئەو شارە دەکەین یان ئاڵای عێراقیش لاببرێت، یان ئاڵای کوردستانیش لەسەر ئەو پەیەکەرە هەڵبکرێت، دەشڵێت، من وەکوو پێشمەرگەیەک ئامادەم هەتا مردن بەبێ مووچە دەوام بکەم بەس ئاڵای کوردستان هەڵبکرێت.
یەکێکی دیکە لە خۆپیشاندەران دەڵێت: یان لەتەنیشت ئاڵای عێراق، ئاڵای کوردستانیش هەڵدەکرێت، یانیش ئەو پەیکەرە لێرە هەڵدەگیرێت، یان هەرچی گەنجە خۆی بەشەهید بوون دەدات.
خۆپیشاندەرێکی دیکەی کەرکووک باسی لەوە کرد، خۆپیشاندانەکە، بەبێ پاڵپشتی هیچ لایەنێک بەڕێوە دەچێت، دەمانەوێت ئاڵای کوردستان بە تەنیا لەسەر پەیکەری پێشمەرگە هەڵبکرێت، پارێزگاریش کە نەتوانێت ئەو کارە بکات، هیچ چارەسەرێكی دیکە نییە.
هێزێکی ئەمنی زۆر لە چواردەوری پەیکەری پێشمەرگە کۆکراوەتەوە تاوەکو ڕێگریی لەو خۆپیشاندەرانە بکرێت و نەیەڵن ئاڵای کوردستان هەڵبکرێت. بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، پارێزگاری کەرکووک پەیوەندی بە هەندێک لەو خۆپیشاندەرانە کردووە گوتیەتی، یەک دوو ڕۆژ مۆڵەتم بدەن، بەڵێن بێت ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەری پێشمەرگە هەڵدەکەین.
خۆپیشاندەرێکی دیکە دەڵێت: یا دەبێت پەیکەری پێشمەرگە بێئاڵا بێت یانیش ئاڵای کوردستانی لەسەر بێت، ئێمە لە 2023 چوار شەهیدمان لەسەر ئەو ئاڵایە داوە، ئەمڕۆش ڕۆژی ئاڵای کوردستانە، ئاڵای کوردستان لای ئێمە پیرۆزە، ئەوان هێزێکی زۆرییان هێناوەتە گیانمان.
خۆپیشاندەرێکی دیکە ڕایگەیاند "ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک بەڵینی داوە کیشەکەمان چارە بکات، ئەو پەیکەرە کە دروست کرا، ئاڵای کوردستانی لەسەر هەڵکرا، کەرکووک دڵی کوردستانە چۆن ئەبێت ئاڵای عێراقی لەسەر هەڵبکرێت؟"
گوتیشی: ئەو ئاڵایە گەورەی کوردستان کە هێنابوومان بۆ ئەوەبوو لەسەر پەیەکەری پێشمەرگە هەڵیکەین، بەڵام ئێستا بەهۆی بەڵێنەکەی پارێزگار کشاینەوە و ئاڵاکەمان هەڵنەکرد. ئەو ئاڵایەی دروستمان کردووە، درێژیەکەی سێ مەتر و پانیەکەی دوو مەترە.
