پارێزگاری هەولێر: خەڵاتەکەی فیفا بۆ زاخۆ شانازییە بۆ تەواوی کوردستان

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە پەیامێکدا بۆ یانەی وەرزشیی زاخۆ، خۆشحاڵی خۆی بە بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین هاندەری جیهان دەربڕی و ئەو دەستکەوتەی بە رووداوێکی گرنگ وەسف کرد کە سنووری یانەکەی تێپەڕاندووە و بووەتە مایەی شانازی بۆ هەموو وەرزشوانانی کوردستان.
پارێزگاری هەولێر، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و جەماوەری یانەی زاخۆ کردووە بە بۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی فیفا و ئاماژەی بەوە کردووە،  ئەم سەرکەوتنە مەزنە وەرزشییە، بەرهەمی پاڵپشتی و دەنگدانی خەڵکی کوردستان بووە بۆ یانەکە.

لە پەیامەکەدا ئەوە ڕوون کراوەتەوە، بەدەستهێنانی نازناوی باشترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهان، تەنیا وەک دەستکەوتێک بۆ یانەی زاخۆ سەیر ناکرێت، بەڵکو ئەمە شانازییەکی گەورەیە بۆ سەرجەم کوردستان و هەموو ئەو کەسانەی خولیای وەرزشیان هەیە.

لە کۆتایی پەیامەکەشدا، پارێزگاری هەولێر وێڕای دووپاتکردنەوەی پیرۆزبایی، هیوای خواستووە ئەم دەستکەوتە ببێتە هەوێنی سەرکەوتنی زیاتر و بەردەوامی بۆ یانەی زاخۆ و وەرزشی کوردستان.
ئەم پەیامەی پارێزگاری هەولێر دوای ئەوە دێت کە هاندەرانی یانەی زاخۆ، بەهۆی دیمەنە کاریگەرەکانی (نیپەل)ـی کچە هاندەری یانەکە و دڵسۆزی جەماوەرەکەیان، توانیان سەرنجی جیهان ڕابکێشن و لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (FIFA)ـەوە خەڵاتی باشترین هاندەری جیهانیان پێ ببەخشرێت، کە ئەمەش یەکەمجارە یانەیەکی کوردستان و عێراق دەگاتە ئەو ئاستە جیهانییە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل