مامۆستایەکی ئایینی: لافاوەکەی چەمچەماڵ یەکدەنگی و یەکڕیزیی لەناو گەلی کورددا دروست کرد
ئەو شەپۆلە لافاوەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕووی لە قەزای چەمچەماڵ و چەند ناوچەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان کرد، سەرەڕای ئەوەی زیانی ماددی و گیانی لێکەوتەوە، بەڵام بووە هۆی دەرکەوتنی دیمەنێکی ناوازەی هاوکاری و یەکڕیزی لەنێوان چین و توێژە جیاوازەکانی گەلی کورددا.
بەپێی بەدواداچوونەکان، لە دوای کارەساتەکە خەڵکی کوردستان لە ناوچە جیاوازەکانەوە بە دەم لێقەوماوانەوە چوون، ئەمەش وەک پەیامێکی نیشتمانی لێکدرایەوە کە کورد لە تەنگانەدا پشتی یەک بەرنادەن.
مامۆستای ئایینی، تاهیر بامۆکی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "سەرەڕای گەورەیی کارەساتەکە و زیانەکان، بەڵام ئەم ڕووداوە یەکدەنگی و یەکڕیزییەکی لەناو گەلی کورددا دروست کرد."
مامۆستا تاهیر داوای لە سەرکردە سیاسییەکان، بەرپرسانی حکوومەت و زانایانی ئایینی کرد کە کار لەسەر ئەم ڕۆحیەتە بکەن و پەرەی پێ بدەن، تاوەکو لە کاتی کارەساتەکاندا چاو لە دەستی دەرەوە نەبن و خودی خۆیان برینەکانی خۆیان تیمار بکەن.
لای خۆیەوە، شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی پەیامێکی ئاراستەی هێزە سیاسییەکان کرد و گوتی: "پێویستە لایەنە سیاسییەکان هەموو کوردستان وەک چەمچەماڵ سەیر بکەن و لە پرسە نیشتمانییەکاندا کۆک بن، هەروەک چۆن خەڵک لە هاوکاریکردنی ئەم شارەدا کۆک و یەکدەنگ بوون."
هاووڵاتییانیش جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم ڕووداوە سەلمێنەری ئەوەیە دووبەرەکی گەل لاواز دەکات، سەمیرە محەممەد، یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێت: "کورد هەمیشە لە ناخۆشییەکاندا وەک یەک دەست بووە، هەر لە زاخۆوە تا خانەقین."
هاوکات هاووڵاتییەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە کە بۆ هاوکاری گەیشتووەتە چەمچەماڵ، ئاماژەی بەوە کرد، سنوورە دەستکردەکان لەبەردەم سۆزی نیشتمانیدا نەماون و گوتی: "ئێستا باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا یەک وڵاتن و وەک خوشک و برا لە کاتە سەختەکاندا بە فریای یەک دەکەون."
