22 هەزار و 988 پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی لەناو براون
بەرێوەبەرایەتیی کاروباری مین لە هەولێر باس لەوە دەکات، لە مانگی ڕابردوو 559 مینی دژە کەسی لەناو براون و 755،646 مەتر چوارگۆشە زەوی لە مین پاککراوەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2025، عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری کاروباری مین لە هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ماوەی 11 مانگی ڕابردوو 755،646 مەتری چوارگۆشە ڕووبەری زەوی پاککراوەتەوە، هەروەها هەزار و 559 مینی دژەکەسی لەناو براون، لەگەڵ لەناو بردنی دوو دژە مینی تانکی.
بەڕێوەبەری کاروباری مین گوتی: 22 هەزار و 988 پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی لەناو براون، لەگەڵ یەک بۆمبی چێنراو، ئەمە جیا لەوەی ئەمساڵ 10 کێڵگەی مین و ناوچەی مەترسیداری پاککراوە و بۆ خاوەنەکانیان گەڕێندراوەتەوە.
عەلی عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوە دا، لە ماوەی 11 مانگی ڕابردوو لە سنووری پارێزگاری هەولێر شەش کەس گیانیان لە دەستداوە و چوار کەسی دیکە برینداربوونە و بووەنەتە خاوەن پێداویستی تایبەت.
لە کۆی 779 کیلۆمەتر چوارگۆشەی زەویی مینڕێژکراو لە هەرێمی کوردستان، تا ئێستا 576 کیلۆمەتر چوارگۆشە پاک کراونەتەوە.
