هاتوچۆی هەولێر گۆڕانکاریی لە شێوازی مامەڵەی مۆڵەتی شۆفێری دەکات
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر ڕایگەیاند، سیستەمێکی نوێ بۆ ڕێکخستنی زانیاریی هاووڵاتییان دەخەنەکار و لەمەودوا هەر کەسێک سەردانی بەشی مۆڵەت بکات، دەبێت سەرەتا سەردانی ژووری تەکنەلۆژیا بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا هاتووە، سیستەمێکی نوێ بۆ ڕێکخستنی زانیاریی هاووڵاتییان دەخەنەکار.
ئاماژەی بەوەشداوە، بڕیارەکە لە 18-12-2025ـەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەپێی بڕیارەکە، پێویستە هەر هاووڵاتییەک کاتێک سەردانی بەشی مۆڵەت دەکات، پێش دەستپێکردنی مامەڵەکەی، سەردانی "ئۆفیسی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری" بکات کە لەناو بەشەکەدا جێگیر کراوە.
هاتووچۆی هەولێر ڕوونیکردووەتەوە، ئامانج لەم هەنگاوە تۆمارکردنی "ژمارەی کەسیی تایبەت" (UPN)ـە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی یەکەمجارە زانیارییان تۆمار دەکرێت، هەروەها بۆ ئەو کەسانەشی کە پێشتر زانیارییان هەبووە، پرۆسەی پشتڕاستکردنەوە (Update)یان بۆ ئەنجام دەدرێت.
لە کۆتایی ئاگادارییەکەدا هاتووە، ئەم ڕێکارە نوێیە بە مەبەستی دروستکردنی ئاسانکاری و خێرا ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییانە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەدا.
