پارێزەری لاهور شێخ جەنگی داوا دەکات چاودێری کەیسی گیراوانی لالەزار بکرێت

پارێزه‌ری لاهور جه‌نگی داوا له‌ دەستەی مافی مرۆڤی كوردستان ده‌كات، لەنزیکەوە چاودێری کەیسی ده‌ستگیركراوانی لاله‌زار بكات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2025، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند:‌ بورهانی رەشەی گوڵە، پارێزەری لاهور جەنگی و پۆڵاد جەنگی و کەیسی دەستگیرکراوانی لالەزار سەردانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی کرد و لەگه‌ڵ سلێمان موحسین بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندیەکان و ڕاگەیاندن كۆبووه‌وه‌.

دەستەکە ئاماژەی بەوە داوە، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پارێزه‌ره‌كه‌ی لاهور جه‌نگی ئاماژەی بە ڕێککارەکانی ڕاییكردنی ڕێکكاره‌كانی کەیسی دەستگیرکراوانی لالەزار کرد و داواشی له‌ دەستەی مافی مرۆڤ كرد، لەنزیکەوە چاودێری ئەو کەیسە بکات.

هەروەها ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ دووپاتیكرده‌وه‌، لەهەرکوێ پێویست بكات، ده‌سته‌كه‌یان بەدواداچوون بۆ ئه‌و كه‌یسانه‌ بێ جیاوازی ده‌كات و چاودێرییان ده‌كات.

درەنگانی شەوی پێنجشەممە 21ـی ئابی 2025، هێزێکی زۆری یەکێتی کە پێکهاتبوون لە (کۆماندۆ، ئاسایش و دژەتیرۆر) بەرەو لالەزار شوێنی نیشتەجێبوونی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل جوڵەی پێ کرا و چواردەوری شوێنەکەیان گەمارۆ دا.

بەرەبەیانی هەینی 22ـی ئابی 2025،  شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی یەکێتی و هێزی دووپشکی سەر بە لاهور شێخ جەنگی ڕوویدا، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توندی چەکداری کە بۆماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا سێ ئەندامی هێزەکانی یەکێتی کوژراون و 19ـی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی براشی دەستگیر کران.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل