لە زیقار قەیرانی دارایی مەترسی لەسەر کەرتی تەندروستیی دروست کردووە

ئەحمەد خەفاجی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی لە ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار ڕایگەیاند؛ پەسەندنەکردنی خشتەکانی بودجە و دابیننەکردنی شایستە داراییەکان بۆ کەرتی تەندروستیی پارێزگاکە، قەیرانێکی ڕاستەقینەی لێکەوتووەتەوە و بووەتە هۆی کەمیی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لە چەندین دامەزراوەی تەندروستیدا.

خەفاجی ڕاگەیاندووە: "لە ئێستادا زۆرێک لە دامەزراوە تەندروستییەکان بەدەست کەمیی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانەوە گرفتارن، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی کردووەتە سەر ئاستی ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەی پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکرێن."

سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی لە پارێزگاکە داوای لە نووسینگەی سەرۆک وەزیران و هەردوو وەزارەتی دارایی و تەندروستیی فیدراڵ کرد، پەلە بکەن لە خەرجکردنی بودجەی پێویست بۆ پاڵپشتیکردنی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی زیقار و چارەسەرکردنی ئەو کەموکوڕییانەی هەن.

سەبارەت بە لێپرسینەوەش لە ڕەشید نەجم، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی زیقار، خەفاجی ڕوونیکردەوە: "لیژنەی تەندروستیی ئەنجوومەنی پارێزگا خۆی لە پرۆسەی لێپرسینەوەکە بەدوور دەگرێت و پێداچوونەوە بە پرسیارەکانی تایبەت بە لێپرسینەوەکەدا دەکات؛ ئەگەر کەمتەرخەمی سەلمێنرا، ئەوا لیژنەکە پاڵپشتی لە لێپرسینەوە لە لایەنی بەرپرسیار دەکات، بەڵام ئەگەر هیچ کەمتەرخەمییەک نەسەلمێنرێت، ئەوا لیژنەکە لایەنگری دادپەروەری دەکات."