بڵاوبوونەوەی هەواڵی 'کودەتا لەفەرەنسا' کۆشکی ئێلیزێ دەهەژێنێت

بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکی ساختە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە بانگەشەی ڕوودانی کودەتای سەربازی و لابردنی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دەکات، توڕەیی توندی کۆشکی ئێلیزێی لێ کەوتەوە و بووە هۆی دروستبوونی مشتومڕێکی گەورە لە ناوخۆ و دەرەوەی فەرەنسادا.

ناوەڕۆکی ڤیدیۆکە و کاردانەوەکان
ڤیدیۆکە کە هەفتەی ڕابردوو بڵاو بووەتەوە و ملیۆنان بینەری هەبووە، خانمە پەیامنێرێک نیشان دەدات بە مایکرۆفۆنێکەوە کە لۆگۆی "Live 24"ی لەسەرە و لە شەقامەکانی پاریسەوە ڕادەگەیەنێت گوایە "بەرپرسێکی سەربازیی نەناسراو کودەتای کردووە و ئەگەری ڕووخانی ماکرۆن هەیە". ئەم ڤیدیۆیە لە کاتێکدایە کە فەرەنسا بەدەست خۆپیشاندان و قەیرانی جووتیارانەوە گیرۆدەیە.

پەیوەندی سەرۆکێکی ئەفریقی بە ماکرۆنەوە

ئیمانوێل ماکرۆن، لە میانی سەردانێکیدا بۆ شاری مارسیلیا و لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "لا پرۆڤانس"، بە توندی وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە و ئاشکرای کرد کە بابەتەکە سنووری فەرەنسای تێپەڕاندووە.
ماکرۆن گوتی: "لە دەرەوەی وڵات و بە دیاریکراوی لەلایەن یەکێک لە سەرۆکە هاوکارەکانم لە ئەفریقا، نامەیەکم لە فەیسبووکەوە پێگەیشت کە دەڵێت "بەڕێز سەرۆک، چی لای ئێوە ڕوو دەدات؟ من زۆر نیگەرانم."

مێتا ڕەتی دەکاتەوە ڤیدیۆکە لاببات

سەرەڕای مەترسییەکان و داخوازیی فەرمی بەرپرسانی فەرەنسا بۆ لابردنی ئەو ڤیدیۆیە، بەڵام کۆمپانیای مێتا (خاوەنی فەیسبووک) داواکەی ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە "ئەم ناوەڕۆکە پێچەوانەی یاساکانی بەکارهێنانی ئێمە نییە."

ماکرۆن لە وەڵامی هەڵوێستەکەی فەیسبووکدا هێرشی توندی کردە سەر ئەو پلاتفۆرمانە و گوتی: ئەو خەڵکانە گاڵتە بە ئێمە و گفتوگۆی گشتی و سەروەری دیموکراسییەکان دەکەن، بەمەش ئێمە دەخەنە مەترسییەوە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل