ئەمەریکا گوشار لە ئەوروپا دەکات دەست بۆ پارە بلۆککراوەکانی ڕووسیا نەبەن
بەرپرسێکی باڵای ئۆکرانیا بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی ڕاگەیاند؛ ئیدارەی ئەمەریکا گوشار دەخاتە سەر وڵاتانی ئەوروپا تاوەکوو دەستبەرداری بیرۆکەی بەکارهێنانی سامانی بلۆککراوی ڕووسیا بن بۆ پاڵپشتیی کیێڤ، بەڵام ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا سوورە لەسەر ڕازیکردنی ئەوروپییەکان.
یەکێتیی ئەوروپا پلانێکی ئامادە کردووە بۆ بەکارهێنانی سامانی بلۆککراوی بانکی ناوەندیی ڕووسیا لە وڵاتانی ئەندامدا، تاوەکوو لە ڕێگەیەوە لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا قەرزێکی 90 ملیار یۆرۆیی بداتە کیێڤ. زۆربەی پارە بلۆککراوەکانیش لە ئەوروپا، دەکەوێتە وڵاتی بەلجیکا و لەژێر سەرپەرشتیی کۆمپانیای "یۆرۆکلیر"دایە.
زۆرینەی 27 وڵاتەکەی یەکێتیی ئەوروپا پاڵپشتیی ئەم بژاردەیە دەکەن، بەڵام بەلجیکا دژایەتی دەکات، ئەوەش لە ترسی تۆڵەسەندنەوەی ڕووسیا و مانەوەی وەک تاکە وڵاتێک کە باجی دەرئەنجامەکانی بدات.
بەرپرسە ئۆکراینییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، زێلێنسکی دەچێتە برۆکسل بۆ ئەوەی داوا لە وڵاتانی ئەوروپا بکات بڕیارێک لەبارەی بەکارهێنانی ئەو سامانەوە دەربکەن، ڕوونیشی کردەوە "هێشتا حەوت وڵات پشتگیریی خۆیان بۆ ئەم بیرۆکەیە ڕانەگەیاندووە".
بەهای سامانی بلۆککراوی ڕووسیا نزیکەی 210 ملیار یۆرۆیە، کە دوای هێرشی سەربازیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە شوباتی 2022، لەلایەن وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپاوە دەستی بەسەردا گیراوە.
بڕیارە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی، سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل کۆببنەوە بۆ بڕیاردان لەسەر دۆسیەکان، لەنێویاندا دابینکردنی بودجەی ئۆکرانیا بۆ دوو ساڵی داهاتوو.
هاوکات بەرپرسێکی ئەمەریکی کە نەیوستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، دوێنێ چوارشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە: ئەوروپییەکان "بە نهێنی داوامان لێدەکەن دەستوەردان لەم بابەتەدا بکەین، چونکە نایانەوێت بە ئاشکرا دژی بن". بەرپرسەکە دەڵێت: "ئەوان ترسیان لە زیانە درێژخایەنەکان بۆ سەر سیستەمەکەیان و متمانەی دامەزراوەکانیان هەیە".
پێشتریش لە ڕەشنووسێکی پلانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، مەرجی ئەوە هەبوو کە واشنتن سوود لە بەشێک لە سامانی بلۆککراوی ڕووسیا وەربگرێت بۆ پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیا بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا.
لەم بارەیەوە ئانا کێلی، جێگری سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی ڕایگەیاند: "ئۆکرانی و ڕووسەکان هەڵوێستی زۆر ڕوونیان لەسەر ئەو سامانە بلۆککراوانە هەیە، ڕۆڵی ئێمەش تەنیا ئاسانکارییە بۆ پرۆسەی دانوستان (give-and-take) کە لە کۆتاییدا دەکرێت ببێتە هۆی ڕێککەوتن."
