پاکستان: دوای ڕووداوەکەی ئوسترالیا، بووینە قوربانیی هەڵمەتێکی چەواشەکاری

عەتاڵڵا تارار، وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان، ڕایگەیاند؛ دوای تەقەکردنەکەی "کەناری بۆندی" لە ئوسترالیا، وڵاتەکەی ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی ڕێکخراوی زانیاریی ناڕاست و چەواشەکاری بووەتەوە لە ئینتەرنێتدا.

تارار هیندستان و بەشێک لە وڵاتانی دیکەی نەیاری پاکستانی بەوە تۆمەتبار کرد؛ بانگەشەی "درۆیان" بڵاوکردووەتەوە گوایە یەکێک لە هێرشبەرەکان هاووڵاتییەکی پاکستانییە."

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئیسلام ئاباد، ئاماژەی بەوە کرد؛ سەرکردایەتیی پاکستان بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە دەکات کە یەکشەممەی ڕابردوو ڕوویدا و بووە هۆی کوژرانی 15 کەس، کە تێیدا جووەکان لە کاتی گێڕانی ئاهەنگی "حانۆکا"دا کرانە ئامانج.

بەگوێرەی ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس، وەزیرەکە ڕوونی کردەوە؛ ڕاستەوخۆ دوای هێرشەکە زانیاریی هەڵە بڵاوکراوەتەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە درۆ ناسنامەی یەکێک لە تۆمەتبارەکان بە ناوی (نەڤید ئەکرەم) وەک هاووڵاتییەکی پاکستانی ناسێنراوە.

بە وتەی وەزیرەکە، ئەم بانگەشانە بە خێرایی لە پێگە دیجیتاڵییەکاندا بڵاوبوونەتەوە و هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن بێ‌وردبینی گواستوویانەتەوە. تارار ئاماژەی بەوەش کرد، لێکۆڵینەوەکانی دواتر، بە پشتڕاستکردنەوەی پۆلیسی هیندستانیشەوە، دەریانخستووە کە یەکێک لە هێرشبەرەکان بە ناوی (ساجید ئەکرەم) خەڵکی هیندستانە، و کوڕەکەشی بە ناوی (نەڤید ئەکرەم - 24ساڵ) ئەویش بەشدار بووە، لە ئوسترالیا لەدایک بووە.

وەزیرەکە ڕوونی کردەوە، پێدەچێت ئەو زانیارییە ناڕاستانە بەهۆی لێکچوونی ناوەکانەوە دروست بووبێت، چونکە پیاوێکی پاکستانی دانیشتووی سیدنی هەمان ناوی یەکێک لە تۆمەتبارەکانی هەبووە. تارار گوتیشی: "ئەو پیاوە پاکستانییە بووەتە قوربانیی هەڵمەتێکی ڕێکخراو" کە سەرچاوەکەی هیندستان بووە.

تا ئێستا وەزارەتی دەرەوەی هیندستان و هیچ بەرپرسێکی دیکەی ئەو وڵاتە وەڵامی لێدوانەکەی وەزیرەکەی پاکستانیان نەداوەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە پۆلیسی ئوسترالیا (نەڤید ئەکرەم)، گومانلێکراوی سەرەکیی هێرشەکەی کەناری بۆندی، بە تیرۆر و کوشتنی 15 کەس و ئەنجامدانی کۆمەڵێک تاوانی دیکە تۆمەتبار کرد، کە بە خوێناویترین ڕووداوی تەقەکردن لە ئوسترالیا لە ماوەی دەیان ساڵدا دادەنرێت. پۆلیسی "نیو ساوس وێڵز" ڕایگەیاند، ناوبراو لە دادگا ڕووبەڕووی تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست، زیانگەیاندنی جەستەییی مەترسیدار و هاندانی ترس لە کۆمەڵگەدا دەبێتەوە.

پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، زانیارییە سەرەتاییەکان دەریدەخەن هێرشەکە کردەوەیەکی تیرۆریستی بووە و لەژێر کاریگەریی بیرۆکەکانی "داعش"دا ئەنجام دراوە، کە لە ئوسترالیا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێنراوە.

هاوکات ڕێکخەرانی ئاهەنگەکان ڕایانگەیاند، ئاهەنگەکانی سەری ساڵ کە بڕیار بوو لە کەناری بۆندی ساز بکرێن، بەهۆی هێرشە خوێناوییەکەی ڕۆژی یەکشەممەوە هەڵوەشێنرانەوە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل