تیرۆری یاسایی ئازادیی ڕادەربڕین لە عێراق
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دەیان بلۆگەر، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان بە تۆمەتی پەیوەست بە دەربڕینی بیروڕا، لە عێراق دەستگیر کراون.
دوێنێ، چوارشەممە، 17ـی کانوونی یەکەم 2025، ماڵپەڕی 'حوڕە' ڕاپۆرتێکی دەرباری پێشێلکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و مافی مرۆڤ، لە عێراقدا بڵاو کردووەتەوە، تێیدا هاتووە "موجتەبا ئەحمەد، چالاکوانێکی مەدەنییە، دوای ئەوەی لە گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغدا لە کاتی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکانی تشرینی 2019 ، بە بۆمبی گاز پێکرا، ئیفلیج بووە. ئاماژە بەوە دەکات چەند ساڵ لەمەوبەر، لایەنێکی چەکدار، کە لەبەر هۆکاری ئەمنی ناوی نەهێناون، ڕفاندوویانە و دوای حەوت کاتژمێر، بە هەوڵ و تەقەللای خێزانەکەی ئازادیان کردووە."
موجتەبا، بە 'حوڕە'ی گوتووە: لە ڕاستیدا ئێمە ناڕەزایەتیمان بەرامبەر دادگەی عێراقی نییە، چونکە دەروازەی جیاکەرەوەیە لە نێوان ئاشتی و خوێن، بەڵام هیچ ماددەیەکی یاسایی نابینینەوە کە تایبەت بێت بە مامەڵەکردن لەگەڵ تۆمەتە سیاسییەکان؛ واتە هەموو ئەو ماددە یاساییانەی کە چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی پێ سزا دەدرێن، ماددەی گشتین لە چوارچێوەی یاسای سزادانی هەموارکراوی ساڵی 1969".
لە نێوان کانوونی دووەمی 2023 تا کانوونی یەکەمی 2023، ڕوانگەی عێراقی بۆ ماف و ئازادییەکان، نزیکەی 68 حاڵەتی دەستگیرکردن، یان دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مەدەنی تۆمار کردووە بەهۆی دەربڕینی ڕا و بۆچوونیانەوە. لەکاتێکدا، حاڵەتەکانی هەڕەشە و بێزارکردنی ڕاستەوخۆ کە ڕووبەڕووی چالاکوانان بوونەتەوە لە هەمان ماوەدا گەیشتووەتە 142 حاڵەت. هەندێک لەو هەڕەشانە، گەیشتوونەتە ئاستی هەڕەشەی جەستەیی یان ئابڕووبردن.
حزب و میلیشیا
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕوانگەکە، ژمارەی ڕێوشوێنە یاساییە تۆمارکراوەکان گەیشتووەتە نزیکەی 93 دۆسیەی بەدواداچوونی یاسایی، کە لەسەر بنەمای ماددەکانی پەیوەست بە سووکایەتی و دروستکردنی پشێوی و ناوزڕاندن لە ئینتەرنێت، یان سووکایەتیی بە دامەزراوەکانی دەوڵەت کراونەتەوە؛ جگە لە تۆمارکردنی 30 حاڵەتی داخستن و سنووردارکردنی پەیج، بەرنامەی تەلەڤزیۆنی و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان.
عادل خەزاعی، بەڕێوەبەری ڕوانگەی عێراقی بۆ ماف و ئازادییەکان، دەڵێت: واقیعی ئازادییەکان لە عێراق ئەمڕۆ بە خراپترین قۆناغەکانیدا تێدەپەڕێت، سەرەڕای ئەوەی دەستوور گرەنتیی ئازادیی ڕادەربڕین دەکات، بەڵام جێبەجێکردنی پێچەوانەی ئەوە نیشان دەدات. بەجۆرێک، ماددەکانی یاسای سزادان و یاساکانی دەستەی پەیوەندییەکان گۆڕاون بۆ ئامرازی سنووردارکردن لەبری پاراستن.
خەزاعی، ئاماژە بەوە دەکات "ڕوانگەکە بە ڕێژەی 40% بەرزبوونەوەی لە حاڵەتەکانی بەرتەسککردنەوە و پێشێلکارییەکانی پەیوەست بە ئازادی ڕادەربڕین لە دوو ساڵی ڕابردوودا تۆمارکردووە، بە بەراورد بە ساڵانی پێش 2020، ئەم دەستگیرکردن و سنووردارکردنە، بانگهێشتکردنی ئەمنی و فشارخستنە سەر ڕۆژنامەنووسان و دامەزراوە میدیاییەکانی گرتووەتەوە."
بە وتەی خەزاعی، میلیشیای چەکدار و گرووپی سەر بە چەندین حزب هەن کە یاسا وەک چەکێک بەکاردەهێنن بۆ سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین و چالاکوانان.
ئەم میلیشیا و گرووپانە، توانای دارایی و پەیوەندیی بەهێزیان لەگەڵ دەوڵەت هەیە کە وایان لێ دەکات بتوانن سکاڵا تۆمار بکەن و هەر کەسێک دژایەتیی هزر و بۆچوونییان بکات، یان ڕایەکی پێچەوانەی ئەوانی هەبێت، زیندانی بکەن.
مەترسییەکانی دەوڵەتی پۆلیسی
سنووردارکردنە یاساییەکان و بەدواداچوونە دادوەرییەکان بۆ چالاکوانان، ترسی گەڕانەوە بۆ سیستەمی دەوڵەتی پۆلیسی دەوروژێنێت کە پێش 2003 باو بوو.
نووسراوێک کە لەلایەن بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە لە 26ی تشرینی دووەمی ڕابردوو، بۆ سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی نێردراوە، داوای تۆمارکردنی سکاڵا دژی هەر کەسێک دەکات، کە پڕوپاگەندە بۆ ڕووخاندنی سیستەمی سیاسی، یان زیانگەیاندن بە شەرعیەتەکەی لە ڕێگەی میدیا یان پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکانەوە، بکات.
عادل خەزاعی، بەڕێوەبەری ڕوانگەی عێراقی بۆ ماف و ئازادییەکان، ئاماژە بەوە دەکات "ناردنی نووسراوێک بەم ناوەرۆکە، لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە، بە شێوەیەکی باو لە گۆڕەپانەکەدا وەک ئاماژەیەک لێک دەدرێتەوە کە ڕێگە دەدات بە فراوانکردنی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان".
خەزاعی دەڵێت: دوای ناردنی ئەو نامەیە، 22 حاڵەتی بانگهێشتکردن و لێکۆڵینەوەمان تۆمار کرد کە پەیوەست بوون بە بڵاوکراوەی دیجیتاڵییەوە، پێش ئەوەی ڕێکارەکان خاو ببنەوە و دوای ئەوەی دەنگدانەوە گشتییەکە گەیشتە کۆنگرێسی ئەمەریکا، ئەمان ناچار بوون هەڵیوەشێننەوە.
بە بۆچوونی شارەزایانی یاسایی و چاودێران، دەسەڵاتدارانی عێراق زۆربەی کات ماددەی 226ی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەموارکراو بەکاردەهێنن، کە دەڵێت "هەر کەسێک بە ئاشکرا سووکایەتی بکات بە ئەنجوومەنی نیشتمانی، حکوومەت، یان دادگە و هێزە چەکدارەکان یان هەر دەستەیەکی دیکەی سەربازی، یاخود دەسەڵاتە گشتییەکان یان بەرژەوەندییەکان و فەرمانگە فەرمی و نیمچە فەرمییەکان، بە زیندانیی بۆ ماوەیەک کە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت، یان پێبژاردن، حوکم دەدرێت."
قەیرانی ئازادییەکان لە عێراق
عیسام فەیلی، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی موستەنسەرییە، دەڵێت: بە گشتی چینی سیاسیی لە عێراق، چەمکی ئازادی هەرس نەکردووە،؛ بواری ئازادیی ڕادەربڕین، پێویستی بە پەیڕەوکردنی چەمکی نوێ و قەناعەت هەیە لای بڕیاربەدەستانی عێراق، جا لە دەسەڵاتی یاسادانان بێت یان جێبەجێکردن، بەوەی کە ڕۆژنامەگەری دەسەڵاتی چوارەمە و زۆر گرنگە، هەروەها دەسەڵاتێکی پێنجەم هەیە کە بەهێزترە، ئەویش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە کە کۆنترۆڵکردنیان ئەستەمە."
چالاکوانان و میدیاکاران
عەلی عەبادی، سەرۆکی سەنتەری عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ، مامەڵە و ڕەفتاری هەندێک لە دەزگا حکوومییەکان و فەرمانگە و بڕیارە تاکلایەنەکان بە لاوازکردنی دیموکراسی وەسف دەکات، لە ڕێگەی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ بڕیارە تاکەسییەکان بۆ کودەتاکردن بەسەر ئازادییەکاندا، بەتایبەت دوای ساڵی 2003.
عەبادی دەڵێت: ئەو بڕیارانەی بەم دواییە دراون بەتایبەت بڕیارەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و ئەو هەموارکردنەی ڕووی دا و داوای لێبوردنەکە، جگە لە بڕیارە حکوومییەکان، هەموویان دژی بنەماکانی مافی مرۆڤن.
سەرۆکی سەنتەر عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ، داوا لە پەرلەمانی نوێ و حکوومەتی چاوەڕوانکراوی عێراق دەکات، جەخت بکەنەوە لەسەر ئەوەی بەرنامەی حکوومی ڕێزگرتن لە ئازادی ڕا و دەربڕین و چەسپاندنی ناوەرۆکی دیموکراسی لەخۆ بگرێت.
