سێنتکۆم: لە شەش مانگدا 80 ئۆپەراسیۆنمان دژی داعش لە سووریا کردووە

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە مانگی تەممووزی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، هێزەکانیان بە هاوکاریی هاوبەشەکانیان لە سووریا نزیکەی 80 ئۆپەراسیۆنیان لە دژی داعش لە سووریا کردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا 119 تیرۆریست و گومانلێکراو دەستگیر کراون.

سێنتکۆم ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنانە لێدان بووە لە پاشماوەکانی داعش کە هەڕەشەی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانی لە دەرەوەی وڵات دروست کردبوو.

فەرماندەییەکە ئاشکرای کردووە، لە ماوەی ساڵی رابردوودا داعش لانیکەم 11 پیلان یان هێرشی دژی ئامانجەکانی ئەمەریکا کردووە.

ئۆپەراسیۆنەکانی سێنتکۆم بە شێوەیەکی سەرەکی بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەنجام دەدرێن، کە هاوبەشی سەرەکیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتین لە شەڕی دژی داعش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

دوای لەدەستدانی "خەلافەت"ەکەی لە ساڵی 2019، ڕێکخراوی داعش شێوازی کارکردنی گۆڕیوە بۆ شەڕی پارتیزانی و شانەی نهێنی. ئەندامانی ڕێکخراوەکە لە ناوچە بیابانی و دوورەدەستەکاندا خۆیان حەشارداوە و بەردەوامن لە ئەنجامدانی هێرشی کوتوپڕ، دانانەوەی بۆمب و تیرۆرکردنی سەرکردە خۆجێییەکان.

ئەم هەوڵە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە هێشتا مەترسییەکانی کەمپی هۆل و زیندانەکانی دیکەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە هەزاران چەکداری داعش و خێزانەکانیان تێدا دەستبەسەرن، وەک بۆمبێکی کاتی ماونەتەوە و بە هەڕەشەیەکی درێژخایەن بۆ سەرهەڵدانەوەی نەوەیەکی نوێی توندڕۆ دادەنرێن.

ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم دووپاتکردنەوەی ئەو پەیامەیە کە شەڕی دژی داعش کۆتایی نەهاتووە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا، بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشە خۆجێییەکان بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوەکە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل