ترەمپ لە ساڵیادی دەستبەکاربوونی: میراتگری ئاڵۆزییەکانی بایدن بووم و وڵات دەبوژێنمەوە
بەرەبەیانی پێنجشەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە گوتارێکدا بۆ گەلی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، ئەمەریکا بووەتە سەرنجڕاکێشترین وڵاتی جیهان.
ترەمپ ئاماژەی بە ڕاگرتنی هەشت جەنگ و گێڕانەوەی ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد وەک بەشێک لە دەستکەوتەکانی.
ئەم گوتارە 20 خولەکییە لە کۆشکی سپی پێشکەش کرا. تێیدا ترەمپ باسی لە دەستکەوتەکانی ساڵی ڕابردوو و بەرنامەی کاری بۆ ساڵی داهاتوو کرد. ئەم قسانەی لە کاتێکدایە بەپێی ڕاپرسییەکان، ڕووبەڕووی دابەزینی جەماوەرەکیی بووەتەوە.
"میراتگری ئاڵۆزییەکان بووم"
ترەمپ گوتی: "11 مانگ لەمەوبەر، میراتێکی پڕ لە قەیرانم بۆ بەجێما، ئێستا خەریکی چاککردنی ئەو بارودۆخەم." ئەو جەختی کردەوە ئیدارەکەی لە ماوەی 11 مانگی ڕابردوودا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە و گوتی: "ئێستا ئێوە سەرۆکێکتان هەیە وادەکات ئەم وڵاتە کار بکات."
بەڵێنە ئابوورییەکان
لە بەشێکی گوتارەکەیدا، ترەمپ چەندین بەڵێنی ئابووریی بە هاووڵاتییانی ئەمەریکی دا:
- خەرجکردنی 1,776 دۆلار بۆ هەر سەربازێکی ئەمەریکی: ئەم بڕە پارەیە وەک پاداشتێک بۆ سەربازان ڕاگەیەندرا.
- گەورەترین کەمکردنەوەی باج: بەڵێنی دا لە ساڵی داهاتووی سەرۆکایەتییەکەیدا گەورەترین کەمکردنەوەی باج لە مێژووی ئەمەریکادا ئەنجام بدات.
- بووژانەوەی ئابووری: بەڵێنی بووژانەوەیەکی گەورەی ئابووریی دا لە ساڵی داهاتوودا.
هەروەها، ترەمپ ڕایگەیاند بەمزووانە سەرۆکی نوێی بانکی یەدەگی فیدراڵی دیاری دەکات. بە گوتەی خۆی، ئەو سەرۆکە نوێیە سیاسەتی کەمکردنەوەی بەرچاوی ڕێژەی سوود پەیڕەو دەکات. هاوکات، ئاماژەی بە پلانی چاکسازی لە کەرتی خانووبەرەدا کرد بۆ ساڵی نوێ.
کۆچی نایاسایی و سیاسەتی بازرگانی
سەبارەت بە دۆسیەی کۆچی نایاسایی، ترەمپ گوتی: "مانگی ڕابردوو هیچ کۆچبەرێکی نایاسایی نەهاتۆتە ناو ئەمەریکاوە."
"بەرزبوونەوەی نرخی هەندێک کاڵا و خزمەتگوزاری"
گوتارەکەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدایە ئابووریی ئەمەریکا لە ساڵی 2025دا ڕووبەڕووی چەندین گۆڕانکاری بووەتەوە. دوای دەستبەکاربوونەوەی، ئیدارەی ترەمپ سیاسەتی باجی گومرگیی فراوانی پەیڕەو کردووە، بەتایبەت بە سەپاندنی باجی 10% بۆ 20% بەسەر هاوردەکاندا. ئەم سیاسەتانە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەندێک کاڵا و خزمەتگوزاری.
ڕێژەی هەڵاوسان لە ئەیلولی 2025 گەیشتە نزیکەی 3%، ئەمەش وایکردووە نیگەرانی لەسەر تێچووی ژیان یەکێک بێت لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی هاووڵاتییان. لەگەڵ ئەوەی ئابووری گەشەی بەخۆیەوە بینیوە و ڕێژەی بێکاری لە ئاستێکی نزمدا ماوەتەوە، بەڵام کاریگەریی باجە گومرگییەکان و هەڵاوسان فشارێکی لەسەر بژێویی خەڵک دروست کردووە.
ئیدارەی بایدن، پێشتر، چەندین پاکێجی هاندانی ئابووریی گەورەی جێبەجێ کردبوو، وەک "پلانی ڕزگارکردنی ئەمەریکی"، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا. لایەنگرانی بایدن ئەم پلانانە بە هۆکاری بووژانەوەی خێرای ئابووری و دابەزینی ڕێژەی بێکاری دەزانن، بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن ئەم خەرجییە زەبەلاحانە بەشداربوون لە دروستبوونی شەپۆلی هەڵاوسان.
