جۆرە قڕکەرێک ئەگەری تووشبوونی منداڵ بە مەلاریا کەم دەکاتەوە
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات، بەکارهێنانی قڕکەری پێریمیترین بۆ جلوبەرگی منداڵانی تازە لەدایکبوو، ئەگەری تووشبوونیان بە مەلاریا کەمتر دەکات.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی "ڕۆیتەرز"، لێکۆڵینەوەکە لەسەر 400 منداڵدا تاقیکراوەتەوە کە تەمەنیان لەنێوان شەش تا 18 مانگبووە و خەڵکی ئەو ناوچانەی ئۆگەندا بوون کە ڕێژەی مەلاریا تیایدا بەرزە، دەرکەوت کە بەکارهێنانی قڕکەری (Permethrin) ئەگەری تووشبوون بە مەلاریا بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمتر دەکاتەوە.
نیوەی کۆمەڵەکە، جۆرە قوماشێکیان وەرگرت کە بە قڕکەری پێرمیترین (Permethrin) ی بەرهەمی کۆمپانیای "سۆیەر پرۆدەکتس" چارەسەر کرابوون(ڕشێندرابوون بە دەرمان). لەکاتێکدا نیوەکەی دیکەی کۆمەڵەکە ئەو قوماشانەیان وەرگرت کە تەنیا بە ئاوی ئاسایی چارەسەر کرابوون.
قوماشەکان هەموو چوار هەفتە جارێک دووبارە چارەسەر دەکرانەوە، هەروەها هەموو دایک و منداڵەکانی بەشدار لە لێکۆڵینەوەکەدا، تۆڕی خەوتنی دژە مێش و مەگەزی چارەسەرکراو(ڕشێندراو)یان پێ درا.
ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە کە لە گۆڤاری "نیو ئینگلاند بۆ پزیشکی" بڵاوکرایەوە، دەریخست بەکارهێنانی ئەو قوماشانەی بە (Permethrin) چارەسەر کراون، حاڵەتەکانی تووشبوون بە مەلاریا لەنێو منداڵەکانیان بە ڕێژەی %66 کەم کردووەتەوە.
توێژەران جەختیان کردەوە، پێویستە بەدواداچوونی درێژخایەن بکرێت بۆ ئەوەی دڵنیابن ئەو جۆرە قڕکەرە، کاریگەریی بەسەر گەشەی کۆئەندامی دەماری منداڵ نابێت.
هەروەها ئاماژەیان بەوەدا کە مەلاریا، بە هەردوو شێوە سەخت و ئاساییەکەی، دەتوانێت ببێتە هۆی کێشەی درێژخایەن لە ئاستی تێگەیشتن، بۆیە پێویستە سوود و زیانەکانی ئەو ڕێگەیە بەراورد بکرێن بەر لە پەیڕەوکردنی.
