شەش تەواوکەری خۆراکی زیان بە جگەر دەگەیەنن
لەوانەیە تەواوکەرە خۆراکی و گیاییەکان بێ زیان دەربکەون، بەڵام شەش تەواوکەری باو هەن، کە ئەگەر زۆر بەکاربهێنرێن یان بە بێ ڕێنمایی پزیشکی بخۆرێن، زیان بە جگەر دەگەێنێت.
بەگوێرەی ماڵپەڕی "ڤێری وێڵ هێڵس" شەش جۆرە تەواوکەرە خۆراکییەکان ئەمانەن:
زەردەچەوە:
تەواوکەرێکی خۆراکی بەناوبانگە بۆ چارەسەری هەوکردنی جوومگەکان و کێشەکانی هەرسکردن، بەڵام هەندێک بەڵگە باس لەوە دەکەن کە تەواوکەری زەردەچەوە ڕەنگە زیان بە جگەر بگەێنێت، بە تایبەتی ئەگەر زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی بکرێت.
بە گوێرەی ئەو ڕێژەیەی کە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دیاریکردووە، دەبێت لە ڕۆژێکدا لە نێوان " سفر بۆ سێ " میلیگرام زەردەچەوە بۆ هەر کیلۆگرامێکی کێشی لەش بەکاربهێنرێت.
چای سەوز:
تەواوکەری چای سەوز وەک سوودبەخش بۆ دابەزاندنی کێش و خۆپاراستن لە نەخۆشی شێرپەنجە دەخرێتە بازاڕەوە، بەڵام پێکهاتەیەکی تایبەت لە چای سەوزدا هەیە بە ناوی "ئێپیگالۆکاتێچین گالات" ئەگەر زیادەڕۆیی لە خواردنیدا بکرێت، لەوانەیە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە جگەر .
جینسینگ:
هەندێک کەس "جینسینگ" دەخۆن بۆ کەمکردنەوەی فشارخوێن یان پشتگیریکردنی تەندروستیی گشتی، ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، لە ئەمەریکا دوای پشکنین بۆ ئەو کەسانەی تووشی برینداربوونی جگەر بوون، دەرکەوتووە کە هۆکارکەی زیاد بەکارهێنانی "جینسینگ" بووە، بۆیە پزیشکان بە گرنگی دەزانن کە پێش خواردنی "جینسینگ" پێویستە کەسەکە ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆر بکات، بە تایبەت ئەو کەسانەی لە ڕابردوودا کێشەی جگەریان هەبووە.
گارسینیای کامبۆجیا "تەمر هیندی":
تەمر هیندی کە ترشی "هایدرۆکسی ستریک"ـی تێدایە بۆ دابەزاندنی کێش دەخرێتە بازاڕەوە، بەڵام ئەگەر هەیە ئەم تەواوکەرە خۆراکییە لەگەڵ دەرمانەکانی دیکەدا کارلێک بکات و حاڵەتی تێکدان و زیانگەیاندن بە جگەری لێبکەوێتەوە.
کارۆلین سووزی، پسپۆڕی خۆراکی و گوتەبێژی ئەکادیمیای خۆراک لە شاری داڵاسی ئەمەریکا، دەڵێت:"مەترسی تەمر هیندی زۆرە، بە تایبەت کاتێک لەگەڵ تەواوکەرەکانی دیکەی خۆراکیدا دەخورێت، کە بۆ دابەزاندنی کێش بەکاردەهێنرێن.
هەویری برنجی سوور:
دەگوترێت تەواوکەری هەویری برنجی سوور یارمەتی دابەزاندنی کۆڵسترۆڵ دەدات، ئەم تەواوکەرە خۆراکییە ماددەی "ستاتینی" سروشتی تێدایە، کە لەوانەیە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە جگەر.
دکتۆر مینا مەجلیسی، پسپۆری ژەهروایبوونی پزیشکی لە نەخۆشخانەی زانکۆی "نۆرس وێڵ ستاتن ئایلەند" دەڵێت:"ئەو کەسانەی ژەمە دەرمانی زۆر دەخۆن مەترسی زیاتریان لەسەرە ".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕاپۆرتێکی ساڵی 2019 دەریخستووە، ژنێکی تەمەن 64 ساڵ، دوای شەش هەفتە لە دەستپێکردنی تەواوکەری خۆراکی "هەویری برنجی سوور" تووشی هەوکردنی جگەر بووە، کاتێک وازی لە خواردنی هێناوە، ئەنزیمەکانی جگەری کەمبووەتەوە، ئەمەش دەریدەخات کە جگەر بە خواردنی "هەویری برنجی سوور" تووشی کێشە دەبێت.
بکوژی مێرووەکان"کۆهۆشی ڕەش":
کۆهۆشی ڕەش، ڕووەکێکە لە ئەمەریکای باکوور، ئەم ڕووکە وەکو تەواوکەری خۆراکی بەکاردەهێنرێت بۆ مەبەستی نەهێشتنی نیشانە و ئازارەکانی سووڕی مانگانەی ئافرەتان، بە گوێرەی ڕاپۆرتە پزیشکییەکان، بەکارهێنانی ئەم تەواوکەرە خۆراکییە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە جگەر.
