لە ئەمەریکا فڕۆکەیەکی تایبەت لە کاتی نیشتنەوەیدا تێکشکا و 6 کەس گیانیان لەدەستدا
دەسەڵاتدارانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەواڵی تێکشکانی فڕۆکەیەکی تایبەتی بازرگانییان لە ویلایەتی کارۆلینای باکوور ڕاگەیاند، کە لە کاتی هەوڵدان بۆ نیشتنەوە تووشی ڕووداو بووە و ئاگری تێبەربووە، بەهۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەست داوە.
ئیدارەی فڕۆکەوانیی فیدراڵیی ئەمەریکا وردەکاریی ڕووداوەکەی خستووەتە ڕوو، بەپێی زانیارییەکان فڕۆکەکە لە جۆری (سیسنا سی 550) بووە و بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە فڕۆکەخانەی هەرێمیی ستەیتسڤیل کۆنترۆڵی لەدەست داوە.
بەگوێرەی تۆمارە فەرمییەکان، خاوەندارێتیی فڕۆکەکە دەگەڕێتەوە بۆ گرێگ بیفڵ، شۆفێری ناسراوی پێشبڕکێکانی ناسکار، نووسینگەی پۆلیسی ناوچەکە پشتڕاستی کردووەتەوە کە ڕووداوەکە زیانی گیانیی لێکەوتووەتەوە و شەش کەس بوونەتە قوربانی.
هاوکات هەریەک لە ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆ سەلامەتیی گواستنەوە و ئیدارەی فڕۆکەوانی دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە بۆ دۆزینەوەی هۆکاری سەرەکیی تێکشکانی فڕۆکەکە.
فڕۆکەخانەی هەرێمیی ستەیتسڤیل کە ڕووداوەکەی تێدا ڕووداوە، پێگەیەکی گرنگی هەیە لە کەرتی گواستنەوەی تایبەتدا، ئەم فڕۆکەخانەیە وەک ناوەندێکی سەرەکی بۆ خزمەتگوزاریی فڕۆکەوانیی کۆمپانیا گەورەکانی ئەمەریکا ناسراوە، بەتایبەتی ئەو کۆمپانیایانەی لە لیستی (فۆڕچن 500)ـدان، هەروەها وێستگەیەکی سەرەکییە بۆ تیمەکانی پێشبڕکێی ئۆتۆمبێلی ناسکار، ئەمەش وای کردووە جموجۆڵی فڕۆکە تایبەتەکان تێیدا زۆر بێت.
