نەخۆشیی دەروونی لەنێوان دەستوەشاندنی جنۆکە و زانستی پزیشکیدا;شارەزایان هەڵە باوەکان ڕاست دەکەنەوە
شارەزایانی دەروونی و ئایینی جەخت لەوە دەکەنەوە کە تێکەڵکردنی چەمکە زانستی و ڕووحییەکان زیانی بە پڕۆسەی چارەسەری نەخۆشانی دەروونی گەیاندووە؛ لەکاتێکدا پزیشکێکی پسپۆڕ دەڵێت: بەراوردکردنی نەخۆشیی دەروونی بە "دەستوەشاندنی جنۆکە" لە ڕووی زانستییەوە ئەستەمە. مامۆستایەکی ئایینیش ئەو بۆچوونە بە "نازانستی و نائایینی" ناو دەبات کە دەڵێت "کەسی باوەڕدار تووشی خەمۆکی نابێت".
زانست و جنۆکە، دوو دنیای جیاوازن
د. ویسام خالید زەنوون، پسپۆڕی نەخۆشیی دەروون و دەمارەکان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند، بەراوردکاری نێوان نەخۆشیی دەروونی و دەستوەشاندنی جنۆکە' (مەس) شتێکی ئەستەمە، چونکە نەخۆشیی دەروونی دەچێتە خانەی زانستە ماددییە ڕوون و بەرچاوەکانەوە، بەڵام دەستوەشاندنی جنۆکە لە دیدی زانستەوە دەچێتە چوارچێوەی زانستە ڕووحییە نادیارەکانەوە.
د. ویسام ئاماژەی بەوەش دا، ئەوەی پزیشک وەک 'خەمۆکی' دەستنیشانی دەکات، ڕەنگە کەسانی تایبەتمەند بە چارەسەری ڕووحی بە 'دەستوەشاندنی جنۆکە' لێکی بدەنەوە، ئەمەش وایکردووە باوەڕی نەخۆش بەوەی جنۆکە دەستی لێوەشاندووە یان بە چاو براوە، باری دەروونیی ئاڵۆزتر بکات و ڕێگر بێت لەوەی بەدوای چارەسەری زانستی دروستدا بگەڕێت.
سەبارەت بە چاوپیسی (حەسادەت)، ئەم پزیشکە پسپۆرە ڕوونی دەکاتەوە، کە ئەمە چەمکێکی ڕووحییە و ناکرێت وەک هۆکارێکی زانستی بۆ نەخۆشییە دەروونییەکان وەسف بکرێت.
نهێنیی جووڵە سەیرەکان و کاریگەریی "تەڵقین"
سەبارەت بەو دیاردانەی لە کاتی "دەرکردنی جنۆکە"دا دەبینرێن، د. ویسام هۆکارەکەی بۆ "ئیحا" (تەڵقین) گەڕاندەوە و گوتی: "مرۆڤ کاریگەریی ڕای دەوروبەر و کۆمەڵگەی لەسەرە، ئەو باوەڕەی لە کەسانی دیکەوە وەردەگیرێت، وەک ڕاستییەک لەلای نەخۆشەکە دەردەکەوێت؛ بۆیە ئەو جووڵە نائاساییانە یان قسە سەیرانەی کەسەکە دەیکات کاتێک پیاوێکی ئایینی هەڵدەستێت بەوەی پێی دەگوترێت 'دەرکردنی جنۆکە'، زۆرجار دەرەنجامی ئەو تەڵقینەیە."
پزیشکەکە ئاشکراشی کرد کە لە زانستی پزیشکیدا نەخۆشییەک هەیە بە ناوی 'هیستیریا' (یان گۆڕدراو)، کە تێیدا تووشبوو لە بەرانبەر تەڵقینی کەسانی دیکەدا زۆر لاوازە و بەو شێوەیە ڕەفتار دەکات کە ئەوان لێی چاوەڕوان دەکەن. هەروەها ترس و گرژیی لە کاتی بیستنی قورئان، پەیوەندی بە ترس لە خودی قورئانەکەوە نییە، بەڵکو ترسە لە خودا و کاریگەرییە دەروونییەکان.
د. ویسام جەختی لەسەر پێویستیی گۆڕانکاریی هزری و کولتووری کردەوە بۆ ئەوەی خێزانەکان بڕوا بەوە بهێنن کە نەخۆشیی دەروونیش هاوشێوەی نەخۆشییەکانی دیکەی جەستەییە و پێویستی بە پزیشک و وەرگرتنی دەرمان هەیە.
دیدگای ئایین: ئیماندار تووشی خەمۆکی دەبێت؟
لای خۆیەوە د. بەشیر حەدداد، وەک مامۆستایەکی ئایینی، ئەو دەنگۆیە بە "نازانستی و نائایینی" وەسف دەکات کە دەڵێت کەسی ئیماندار تووشی کێشەی دەروونی نابێت.
د. بەشیر تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی: "مرۆڤی ئیماندار بۆی هەیە ڕووبەڕووی هەموو جۆرە نەخۆشی و ناڕەحەتییەک ببێتەوە، جا دەروونی بێت یاخود جەستەیی، بەڵگەش بۆ ئەمە ژیانی پێغەمبەرانە کە تووشی چەندین ناخۆشی و نەخۆشی بوون. لە قورئانیشدا هاتووە کە ناخۆشی ڕەنگە تاقیکردنەوەی خوایی بێت و پلەی مرۆڤ بەرز بکاتەوە."
چارەسەری پزیشکی ئەرکێکی شەرعییە
د. بەشیر حەدداد جەختی کردەوە کە لە ڕووی شەرعەوە سەردانیکردنی پزیشکی دەروونی لە کاتی هەبوونی کێشەدا "پێویستە"، وەکو چۆن پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی: "خودا هیچ نەخۆشییەکی دانەناوە بێ ئەوەی دەرمانیشی بۆ دابنێت."
ئاماژەی بەوەش دا کە ڕووقییەی شەرعی دەکرێت هاوشان لەگەڵ وەرگرتنی دەرمان، یارمەتیدەر بێت بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە، بەڵام بە هەموو شێوەیەک "لێدان و ئازاردانی نەخۆش"ی لەلایەن کەسانی بانگخواز (مدعي) چارەسەری ڕووحییەوە ڕەت کردەوە و بە کارێکی دژ بە ئایین ناوی برد.
لە کۆتاییدا د. بەشیر حەدداد هۆشداریدا کە سەرداننەکردنی پزیشک لەلایەن کەسی باوەڕدارەوە لە کاتی نەخۆشیدا، دەبێتە هۆی گوناهباربوونی، چونکە پاراستنی جەستە ئەرکێکە و دەبێت جێبەجێ بکرێت.
