ڕوبیۆ: هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ غەززە پێکدەهێنین

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە گوتارێکی نوێدا هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە گرنگترین دۆسیە سیاسییەکانی جیهان و بە دیاریکراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستە ڕوو، ڕایگەیاند، واشنتن هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە جیهان چڕ کردووەتەوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد ئاگربەست لە غەززە جێگیرە و لەگەڵ چەند وڵاتێکیش لە گفتوگۆدان بۆ پێکهێنانی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سەقامگیری، هاوکات داوای چەکدانانی حزبوڵڵای لوبنانی کرد.

هەینی 19ـی کانوونی یەکەمی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ئاماژەی بەوە کرد، ئاگربەستی کەرتی غەززە جێگیرە و کاتی ئەوە هاتووە بەرەو قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە هەنگاو بنرێت. گوتیشی: پەیوەندی و گفتوگۆمان لەگەڵ ژمارەیەک وڵات دەستپێکردووە سەبارەت بە پێکهێنانی هێزێکی سەقامگیری نێودەوڵەتی لە غەززە، کارێکی زۆرمان لە پێشە بۆ پاراستنی ڕێککەوتنەکە.

دەشڵێت: متمانەی تەواوم هەیە کە چەند وڵاتێک هەن کە جێگەی ڕەزامەندی هەموو لایەنەکانن و ئامادەییان نیشان داوە ببنە بەشێک لەو هێزی سەقامگیرییە.

باسی لەوەش کرد، ئەگەر حەماس لەسەر هەڵوێستی خۆی بەردەوام بێت و لە داهاتوو ببێتە هەڕەشە لەسەر ئیسرائیل، ئەوا ئاشتی هەرگیز بەدی ناهێت، بۆیە چەکدانانی حەماس هەنگاوێکی زۆر گرنگ دەبێت.

سەبارەت بە بارودۆخی لوبنان، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هەمووان خوازیاری دەوڵەتێکی لوبنانی بەهێزن و پێویستە حزبوڵڵا چەک بکرێت. ڕوبیۆ جەختی کردەوە، کەس نایەوێت حزبوڵڵا بگەڕێتەوە بۆ خزمەتکردنی ئێران لە ناوچەکەدا و ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل و هاوبەشەکانمان.

لەبارەی جەنگی ئۆکرانیاوە، ڕوبیۆ ئاشکرای کرد پێشکەوتنی بەرچاو لە گفتوگۆکاندا بەدەست هاتووە، بەڵام هێشتا ڕێگایەکی درێژ لەبەردەم گەیشتن بە ئاشتی ماوە. دووپاتیشی کردەوە، واشنتن نایەوێت هیچ ڕێککەوتنێک بەسەر هیچ لایەنێکدا بسەپێنێت.

گوتیشی: ئێمە ئاشتی لەسەر هیچ لایەنێک ناسەپێنین، بەڵکوو بڕیاری کۆتایی لە دەست ئۆکرانیا و ڕووسیا دایە، بەڵام لە ڕێککەوتن بەخشی و وەرگرتن هەیە، بۆ ئەوەی دەستکەوتێک بەدەست بهێنیت، ئێمەش وەک ئەمەریکا پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ خواستی هەر دوو وڵات بکەین.

هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هێرشی تووندی کردە سەر حکوومەتی ڤەنزوێلا و تۆمەتباری کرد بەوەی خاکی وڵاتەکەی بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان تەرخان کردووە. گوتیشی ڤەنزوێلا هاوکاریی ڕێکخراوە تاوانکارییەکان، حزبوڵڵا، ئێران و باندەکانی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر دەکات.

مارکۆ ڕوبیۆ لە گوتارەکەیدا ڕایگەیاند، ئەمەریکا دەستی بە چاکسازیی ڕیشەیی لە سیاسەتی دەرەوەیدا کردووە، بە جۆرێک کە شایستەی گەورەیی ویلایەتە یەکگرتووەکان" بێت و بتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەرتر برەو بە ئاشتی و سەقامگیری بدات لە هەموو جیهاندا.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل