گرۆسی: تاران هیچ زانیارییەکمان سەبارەت بە دۆخی دامەزراوە ئەتۆمییەکان پێنادات
ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ڕایگەیاند؛ ئاژانسەکە تا ئێستا هیچ داتا و ڕاپۆرتێکی فەرمی لە ئێرانەوە پێنەگەیشتووە سەبارەت بە قەبارەی یۆرانیۆمی پیتێنراو و دۆخی دامەزراوە ئەتۆمییەکان دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا. گرۆسی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "RIA Novosti"ی ڕووسی، جەختی کردەوە؛ هیچ هەواڵێکی نوێیان لەلایەن تارانەوە پێنەگەیشتووە.
ئەم دۆخە ئاڵۆزە لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ڕابردووەوە دەستی پێکرد، کاتێک زنجیرەیەک هێرش ڕوویدا، لە 13ـی حوزەیران، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی دژی ئێران ئەنجامدا بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی. هێرشەکان دامەزراوە ئەتۆمییەکان، بنکە ئاسمانییەکان و ناوەندەکانی فەرماندەییان کردە ئامانج. هەروەها 22ـی حوزەیران، ئەمەریکا ڕاستەوخۆ بەشداری لە ڕووبەڕووبوونەوەکەدا کرد و هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. 23ـی حوزەیرانیش ئێران بە مووشەک بنکەی ئاسمانی "عەدید"ی لە قەتەر کردە ئامانج، بەڵام هاوکات ڕایگەیاند کە نایەوێت دۆخەکە زیاتر پەرە پێبدات.
لە نوێترین پەرەسەندندا، ئەمڕۆ 20ـی کانوونی یەکەم دەستەی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد و داوای لە ئێران کرد دەستبەجێ زانیاری لەسەر کۆگاکانی یۆرانیۆم بدات. لە بەرامبەردا تاران:
1- بڕیارنامەکەی بە "سیاسی و نایاسایی" وەسف کرد.
2- بە فەرمی کۆتاییهێنانی بە "ڕێککەوتنی قاهیرە" ڕاگەیاند، کە لە مانگی ئەیلوولدا بۆ ڕێکخستنی کارلێکەکانی دوای هێرشەکان واژۆ کرابوو.
3- ڕایگەیاند هەر جۆرە هاوکارییەکی داهاتوو دەبێت لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت.
بەهۆی یاسایەکی نوێی تاران کە لە مانگی تەممووزدا دەرچوو، ئاستی هاوکارییەکان لەگەڵ ئاژانسەکە زۆر سنووردار کراوە، پشکنەران لە سەرەتای مانگی نۆڤەمبەر تەنیا توانیویانە سەردانی ڕیاکتۆری توێژینەوەی تاران و وێستگەی بوشێهر بکەن.
تاران ڕێگری کردووە لە سەردانیکردنی دامەزراوەکانی (نەتەنز، ئیسفەهان، و فۆردۆ) کە لە کاتی هێرشەکاندا زیانیان بەرکەوتبوو، ئەمەش نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکانی سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران زیاتر کردووە.
