جان دۆست: خوێندنەوە و نووسینی کوردی له‌ كه‌شێکی سه‌قامگیردا گه‌شه‌ ده‌كات

نووسەر و ڕۆماننووسی ناسراوی کورد، جان دۆست، لە میانی بەشدارییکردنی لە 42ـەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە ئیستانبوڵ، بووە جێی سەرنجی خوێنەران و ئۆگرانی ئەدەبی کوردی. دۆست لە لێدوانێکیدا جەختی لە گرنگیی پرۆسەی ئاشتی کردەوە و ڕایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی دەستکەوتێکی گرنگە بۆ گەلی کورد و پێویستە کوردان لە باکووری کوردستان نەگەڕێنەوە بۆ "تفەنگ".

پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە ئیستانبوڵ بە بەشداریی چەندان دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی بەڕێوەدەچێت و بازاڕی کتێبی کوردی گەرمییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. لەنێو ستاندەکاندا، ستاندی دەزگای بڵاوکردنەوەی "دۆز" بە نمایشکردنی بەرهەمەکانی جان دۆست، قەرەباڵغییەکی زۆری لەسەر بوو. خوێنەران بۆ کڕینی کتێب و وەرگرتنی واژۆی نووسەر بە پەرۆشەوە کۆببوونەوە.

سۆهراب خان، یەکێک لە خوێنەران، گوتی: "من بەدواداچوون بۆ بەرهەمەکانی مامۆستا جان دۆست دەکەم. بە زانینی ئامادەبوونی لەم پێشانگایە، هاتم تاکوو واژۆ لەسەر کتێبەکانی 'ئۆتۆبێسی کەسک' و 'میرنامە' وەربگرم. بەڕاستی بە بینینی دڵخۆش بووم."

هاوکات محەممەد بۆڵتان، خوێنەرێکی تر، گوتی: "من لەبەر جان دۆست هاتووم. پێشتر ڕۆمانەکانیم خوێندووەتەوە و ئەمڕۆ ویستم لە نزیکەوە بیبینم. کتێبێکیشم وەک دیاری بۆ خۆم و هاوڕێیەکم لێ وەرگرت."

جان دۆست: خەباتی سیڤیل دەستکەوتی گەورەترە

جان دۆست لەبارەی دۆخی سیاسی و پرۆسەی ئاشتییەوە بە موراد ئاکنجی، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "لە سایەی ئاشتیدا، ئامانجەکانمان زووتر بەدیدێن. باوەڕتان هەبێت پێنج ساڵ خەباتی سیڤیل، لە 40 ساڵ خەباتی سەربازی چاکتر و کاریگەرترە."

ناوبراو گوتیشی: "ئەو 40 ساڵ خەباتە چەکدارییە دەستکەوتێکی ئەوتۆی بۆ ئێمە نەبووە. بۆیە ئەم پرۆسە نوێیەی ئاشتی بە دەستکەوت و سەرکەوتن دەزانم بۆ گەلی کورد. پێویستە چیتر کورد لە باکووری کوردستان بیر لە گەڕانەوە بۆ تفەنگ نەکاتەوە، چونکە تفەنگ مافەکانمان بۆ بەدی ناهێنێت."

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل