هاووڵاتیانی کەمداهاتی خوراسان، قوربانیی قاچاخچییانی سووتەمەنین

هاتوچۆی ئۆتۆمبیلی قاچاخچیانی سووتەمەنی و شمەکی قاچاخ لەسەر ڕێگەکانی پاریزگای 'خوراسانی باشوور' یەکێکە لە کێشە گەورەکانی ئەم پارێزگایە. خێرایی لە ڕادەبەدەری ئەو ئۆتۆمبیلانە، زۆر جار، دەبێتە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ و گیان لەدەستدانی سەرنیشنەکانی.

شەممە، 20 کانونی یەکەم، 2025، ئاژانسی هەواڵی 'میهر' ڕاپۆرتێکی دەربارەی بە قاچاخبردنی سووتەمەنی و شمەکی هەمەجۆر لە ئێرانەوە بۆ ئەفغانستان و پاکستان، بڵاو کردووەتەوە، تێیدا هاتووە "دیاردەی بە قاچاخبردنی سووتەمەنی و کاڵا دەگمەنە ئێرانییەکان بۆ ئەفغانستان و پاکستان، بووەتە بازرگانییەکی پڕ دەستکەوەت بۆ قاچاخچییان و کارەسات و مەرگ بۆ هاووڵاتیانی کەمداهاتی پارێزگای خوراسانی باشوور. ئەو ئۆتۆمبیلانە، کە خەڵکی ناوچەکە پێیان دەڵێن "تەرەشقە" بە خیراییەکی یەکجار زۆر بەسەر ڕێگەکاندا هاتوچۆ دەکەن و دەبنە هۆی ڕووداوی هاتوچۆی سەخت و کوشندە."

بە گوێرەی ئامارەکانی پۆلیسی پارێزگای خوراسانی باشوور، لە ماوەی نێوان کانوونی یەکەمی 2022 تا 18ـی کانوونی یەکەمی 2025، 14 ئۆتۆمبیل بەهۆی پێکدادانەوە تێکشکاون یان سووتاون و لە ئەنجامدا زیاتر لە 12 کەس مردوون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوونە؛ ئەمە جگە لە تێکدانی ڕێگەکان و پیسبوونی ژینگەی ناوچەکە.

ئەم حاڵەتانە، تەنیا بەشێکن لە ڕووداوە تاڵەکانی ئۆتۆمبیلەکانی هەڵگری سووتەمەنی قاچاخ لە ڕێگەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵات، سەرباری ئەوەش بوونەتە هۆی گرانبوونی نرخی سووتەمەنی و پێداویستیی ڕۆژانەی هاووڵاتییان. 

عەقید مەحموود عەلیپوور، جێگری فەرماندەی هێزی پۆلیسی باشووری خوراسان، دەڵێت: ئۆتۆمبیلە ناسراوەکان بە "تەرەشقە" بە تابلۆی ساختە و نادیار، گۆڕینی ڕەنگ و شیوە و بەهێزکردنی بزوێنەرەکانیان، بەبێ گوێدانە یاساکانی هاتوچۆ، بە خێراییەکی یەکجار زۆر بەسەر ڕێگەکاندا هاتوچۆ دەکەن و کارەساتی گەورە و خوێناوی دەخوڵقێنن. 

عەلیپوور، گوتیشی: لە دوو ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە 200 ئۆتۆمبێلی قاچاخچی، ڕۆژانە، بە کاروان، لە سەر ڕێگەکانی پارێزگاکەدا هاتووچۆیان دەکرد کە بووبوونە هۆی نیگەرانییەکی زۆری خەڵک و زیانگەیاندن بە ئارامیی دەروونیی کۆمەڵگە، ئێستا بە جێبەجێکردنی پلانە توندەکان و هەماهەنگیی دامودەزگا سەربازی و دادوەری و هەواڵگرییەکان، ئەم ژمارەیە بۆ نزیکەی 30 بۆ 40 ئۆتۆمبێل لە شەو و ڕۆژێکدا کەم بووەتەوە.

شارەزایانی ئابووری لایانوایە، بێکاریی و گرانیی لە ڕادەبەدەر، هۆی سەرەکی گەشەکردنی قاچاخچییەتی سووتەمەنی و کاڵایە لەو پارێزگایەدا و ڕێگریی لە قاچاخچییەتی تەنیا بە باشکردنی باری ئابووری خەڵکەکە و پەیداکردنی هەلیکار و دامەزراندنی ژێرخانی ئابووری، جێبەجێ دەبێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل