سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی بۆ دەستگیرکردنی ئەندامێکی داعش لە ناو خاکی سووریا ئەنجامدا
سوپای ئیسرائیل بە فەرمی ڕایگەیاند: هێزەکانیان لە ناو خاکی سووریا ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا کەسێکیان دەستگیرکردووە کە گومانی لێ دەکرێت پەیوەندی بە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ـەوە هەبێت.
ئەم هەنگاوە سەربازییە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئیسرائیلدایە بۆ ڕێگریکردن لە چالاکیی گروپە چەکدارەکان لە نزیک سنوورەکانی.
بەپێی زانیارییەکانی سوپای ئیسرائیل، ئۆپەراسیۆنەکە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە ناوچەی ڕوفەید لە باشووری سووریا ئەنجامدراوە، هێزەکان توانیویانە ئەو کەسە دەستگیر بکەن کە گومانی تیرۆریستی لەسەرە و دواتر بۆ ناو خاکی ئیسرائیل گواستراوەتەوە،ئامانج لەم گواستنەوەیەش تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکانە بەرانبەر بەو تۆمەتبارە.
ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانەی ئیسرائیل لە ناو خاکی سووریادا، نیشاندەری ستراتیژییەتێکی نوێیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان پێش گەیشتنیان بە سنوورەکان. ناوچەی باشووری سووریا و بەتایبەت دەوروبەری بەرزاییەکانی جۆلان، لە دوای تێکچوونی دۆخی ناوخۆیی سووریا، بووەتە مەیدانی ململانێی هێزە جیاوازەکان، ئیسرائیل لە مێژە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەبوونی هەر گرووپێکی توندڕەو، جا داعش بێت یان گرووپە چەکدارەکانی دیکە نزیک سنوورەکانی، وەک هێڵی سوور دەبینێت و بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی خۆی، بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی پێشوەختە و چاودێریکردنی وردی ناوچەکە.
