لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵمەتی ژینگەپارێزیی زاگرۆسانە بەردەوامە
ئەمساڵیش هەڵمەتی ژینگەپارێزیی زاگرۆسانە لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژینگەپارێزیی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەوانە ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی پاژینی بانە و ژیوای پاوە، بەڕێوە چوو کە لە ڕێگەی بانگهێشتنامەی زاگرۆسانەوە ژینگەپارێزانیان بۆ ئەو هەڵمەتە ڕێکخست. ئەندامێکی ڕێکخراوی پاژینی بانە دەڵێت، نزیک بە هەزار کەس بەدەم بانگهێشتەکەیانەوە هاتوون.
محەمەد شەریفپوور، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ژینگەپارێزی پاژین-بانە، بە کوردستان 24ـی گوت: ئێمە دەمانەوێت، خەڵکی بانە و کوردستان لەو مەترسییانە ئاگەدار بکەینەوە کە ڕووبەڕووی دارستانەکانی زاگرۆز دەبنەوە. ئەگەر ئێمە فریای چیا و دارستانەکانمان نەکەوین، پاش سەد ساڵی تر، هیچ دارستانێک لەم شاخانە نامێنێتەوە.
ژینۆ عەزیزنەژاد، ژینگەپارێز، دەڵێت: دەمانەوێت ژینگە و سەوزایی شاخەکان بپارێزین، چونکە ئەوان ژیانی ئێمە دابین دەکەن.
لە چەند ساڵی رابردوودا لە هەڵمەتی کووژاندنەوەی ئاگری دارستانەکاندا کۆمەڵێک لە ژینگەپارێزان گیانیان لەدەست دا. یەکێک لە بەشدارانی هەڵمەتەکەی ڕێکخراوی ژینگەپارێزی ژیوای پاوە دەڵێت، دەیانهەوێت بەو هەڵمەتە شەهیدانی ژینگە دڵنیا بکەینەوە کە ڕێگەیان بەردەوامە.
ئەختەر ڕەزایی، ژینگەپارێز؛ لایوایە خزمەتکردنی دارستان و چیاکان، ڕێزگرتنە لە گیانی ئەو کەسانەی لە پێناو پاراستنی ژینگەدا گیانیان سپاردووە.
هەڵمەتی ژینگەپارێزیی زاگرۆسانە لە شەش حەوت ساڵی ڕابردوودا لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چووە کە تێیدا ژینگەپارێزان بە چاندنی دەنکەبەڕوو و قەزوان کە بەری دارەبەنە و درەختی دیکەی سازگار لەگەڵ کەشوهەوای زاگرۆس هەوڵیان داوە پەرە بە دارستانەکان بدەن کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە و بڕینەوە و هۆکاری دیکەی مرۆییەوە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە.
