لە بەغدا وەک پێویست ئامادەکاری بۆ ئاهەنگەکانی سەری ساڵ نەکراوە
لەدوای ساڵی 2003 زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتی کریستیان بەهۆی نالەباری بارودۆخی ئەمنیی و هەڕەشەی تیرۆر و تۆقاندن لەسەریان، عێراقیان جێهێشتووە و ڕوویان لەناوچەکانی ئارامەکانی وەکو هەرێمی کوردستان یان وڵاتانی دەرەوە کردووە.
کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراقی دەڵێ؛ پێش سالی 2003 ژمارەی هاووڵاتیانی کریستیان لە عیراق ملیۆنێک و 500 هەزار کەس بوونە بەڵام ئێستا ژمارەیەکان نزیکەی 300 هەزار کەسە.
عەبدولرەحمان محەمەد، دوکاندار. بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند؛ هەموو ساڵێک وەکو دوکاندار پێداویستی کریسمس دێنن بۆ دوکانەکانمان وەکو داری کریسمس و جلوبەرگی بابە نوئێل، تا ئێستا بەشێکی کەم هاووڵاتیان پێداویستییەکانیان کریووە، بەراورد بەساڵانی ڕابردوو ئەمساڵ بازارمان زۆر خراپە و ساڵی ڕابردوو خەڵکێکی زۆر ئەم بابەتانەیان دەکری.
ساڵانی ڕابردوو کریستیانەکانی عیراق گرنگیان بە بۆنە و جەژنەکانی خۆیان دەدا، ئێستا کە زۆربەیان بارگە و بنەیان جێهێشتووە و لە دەرەوەی عێراق نیشتەجێن، هاووڵاتیانی دیکەش بەهۆی نەبوونی جێگە و شوێنی تایبەت بۆ ئاهەنگگێران و خۆشی دەربرین، بەشێکی زۆریان بۆنە و جەژنەکان بە ڕۆژێکی ئاسایی دەبینن و لەماڵەکانیان نایەنە دەرەوە.
عەلی فەلاح هاووڵاتی دەڵێت: بۆ بەسەربردنی کاتەکانمان لەسەری ساڵ نازانین برۆینە کوێ، زۆربەی جێگەکان تایبەتە بە خێزان، گەنجەکان یان دەرۆنە قاوەخانە و کافتریاکان یان لەسەر شەقام دەبن، بەڵام زۆربەمان لە ماڵەوە دەمێنینەوە.
کەرار قەیسەر، هاووڵاتی گوتی: هەندێک کەس لەماڵەوە ئامادەکاری بۆ سەری ساڵ دەکات یاخود دێنە سەرشەقامەکان، ئێمە حەزمان لێیە هەمووان پێکەوە ئاهەنگی خۆشی بگێرین بەڵام هەندێکجار کێشەش دروست دەبێت، بۆیە ئێمە هەموو ساڵێک ئاهەنگەکمان بچووکە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لە عیراق پێش ساڵی 2003، زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار هاووڵاتی کریستیان لە عیراق ژیاون، بەڵام بەهۆی شەڕ و هەرەشە بەردەوامەکانی سەریان، ئێستا ژمارەیان کەمبۆتەوە بۆ 300 هەزار هاووڵاتی کریستیان.
