بەڕێوەبەری کتێبخانەی چەمچەماڵ: 35 هەزار کتێب رادەستی کتێبخانەکە کراون
بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانەی چەمچەماڵ رایگەیاند: کتێبخانەکە لەسەر شێوازێکی مۆدێرن و جیاواز نۆژەندەکرێتەوە، هەروەها ژمارەیەک لە کتێبخانەکان و هاووڵاتیان و نووسەران کتێبیان رادەستی کتێبخانەکە کردووە.
هێرش عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانەی چەمچەماڵ، ئەمرۆ سێشەممە، 3ـی شوباتی 2026، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی کتێبخانەکە لە چەند رۆژی داهاتوو دەستپێدەکات، چونکە تاوەکو ئێستا خەریکی کاری دیزاینکردنی کتێبخانە و خاوێنکردنەوە و رێکخستنی بوون.
بەڕێوەبەری کتێبخانەکە گوتیشی: بەهۆی ئەوەی جاری دووەمە لافاو زیان بە کتێبخانەکە دەگەیەنێت، لە چەند ڕۆژی رابردوو کاری سەرەکیمان چاککردنی ئەو شوێنانە بوو کە دەبووە هۆی دروستبوونی لافاو و چوونە ژوورەوەی ئاو.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، کتێبخانەکە لەلایەن ناوەندێکی کوردی لە هەرێمی کوردستان لەسەر دیزاینێکی نوێ و جیاواز نۆژەندەکرێتەوە، پرۆسەکە کاتی پێویستە چونکە تەنیا نۆژەنکردنەوە نییە، بەڵکوو رێکخستنەوەی تەواوییەتی.
هێرش عەبدولڕەحمان باس لەوە دەکات، تاوەکوو ئێستا لەلایەن کتێبخانەکان و هاووڵاتییان و نووسەران و رۆشنبیران زیاتر لە 35 هەزار بۆ کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ کۆکراونەتەوە.
هاوکات ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر بۆ جاری دووەم ههزار كتێبی بە ناونیشانی جیاجیا ڕادەستی كتێبخانەی گشتی هەولێر، كتێبخانەی زەیتوون كرد، بهمهبهستی گهیاندنیان به كتێبخانەی چەمچەماڵ.
ڕۆژی سێشەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەهۆی بارانی بە خووڕ لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە چەمچەماڵ سەرەرای ئەوەی زیان زۆر بەر ماڵی هاووڵاتییان کەوت، کتێبخانەی چەمچەماڵیش بەهۆی لافاوەوە 19 هەزار و 300 کتێب و گۆڤار و رۆژنامەی لەناوچوون.
کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ لە ساڵی 1976 دامەزراوە و خاوەنی هەزاران کتێب و ناونیشانی مێژوویە و 9 کتێبخانەش لەخۆ دەگرێت.