حاجیاوە.. دوو منداڵی دووانە بەهۆی دووکەڵەوە گیانیان لەدەستدا
ئەمڕۆ لە حاجیاوە دوو منداڵی دووانەی تەمەن 6 ساڵ بەشێوەیەکی دڵتەزێن بەهۆی دووکەڵ و گازی سۆپاوە گیانیان لەدەستدا.
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رانیە بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 7ـی شوباتی 2026 دوو منداڵی دووانە بە ناوەکانی میر مەریوان (کوڕ) و مەیلی مەریوان (کچ)، کە تەمەنیان 6 ساڵانە، بەهۆی دووکەڵ و گازەوە گیانیان لەدەستدا، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، منداڵەکان پێش گەیاندنیان بە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە.
خێزانەکە خاوەنی چوار منداڵ بوون، منداڵە بچووکەکە لە ژووری دایک و باوکیان خەوتبوو، بەڵام سێ منداڵەکەی دیکە، کە میر مەریوان و مەیلی مەریوان و منداڵێکی دیکەیان کە یەک ساڵ لەوان گەورەترە، بەیەکەوە لە ژووری خۆیان خەوتبوون و شەو سۆپاکەیان نەکوژاندبووەوە، دواتر کورسیەک لە نزیک سۆپاکە گڕی گرتووە و بەهۆی دووکەڵی کورسیەکە دوو منداڵە دووانەکە خنکاون و گیانیان لەدەستداوە، بەڵام منداڵەکەی دیکەیان سەلامەتە.