رووسیا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر تۆڕی وزەی ئۆکرانیا

رووسیا هێرشێکی گەورەی کردە سەر تۆڕی وزەی ئۆکرانیا کە بووە هۆی پچڕانی کارەبا لە بەشێکی زۆری وڵاتەکەدا.

بەرپرسانی ئۆکرانی، مۆسکۆ بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بە ئەنقەست ژێرخانی وزە دەکاتە ئامانج، ئەمەش دەبێتە هۆی پچڕانی کارەبا و هەزاران کەس بێ گەرمکەرەوە دەبن لەوکاتەی پلەی گەرمیی لە ژێر سفرە.

ئەمڕۆ شەممە، 7ـی شوباتی 2026، کۆمپانیای "ئۆکرینێرگۆ" لە کەناڵی تێلێگرام بڵاویکردەوە، "رووسیا هێرشێکی نوێی بەرفراوان دەکاتە سەر دامەزراوەکانی تۆڕی کارەبای ئۆکرانیا" ئاماژەی بەوەشدا "بەهۆی هێرشەکانی رووسیا کارەبا لە زۆربەی ناوچەکانی وڵاتەکەی پچڕاوە."

کۆمپانیاکا نیشتمانییەکە راشیگەیاندووە، "هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر وزەی وڵاتەکە بەردەوامە"، دەشڵێت، "ئەوکاتەی کارەکانی چاککردنەوەی تۆڕەکان دەستپێدەکەن کە دۆخی ئەمنی رێگەیان پێبدات."

ئۆکرانیا و رووسیا لەمانگی کانوونی دووەمەوە، دوو گەڕی دانوستانەکانیان بە چاودێری ئەمریکا لە ئەبوزەبی ئەنجامداوە.

دووەم گەڕی گفتوگۆکان کە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە رابردوو ئەنجامدراوە، بەبێ ئەوەی هیچ پێشکەوتنێک لەسەر کێشە سەرەکییەکان بەدی بێت، بەتایبەتی پرسی خاکە کێشە لەسەرەکان، بەڵام هەردوولا دەیان سەربازی دیلیان ئاڵوگۆڕ کرد.

لە شوباتی 2022، رووسیا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی خاکی ئەم وڵاتەی داگیرکرد، هەروەها دەیان هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون و برینداربوون و بە ملیۆنان کەسیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون.