مایەپووچبوونی کۆمپانیاکان لە ئەڵمانیا گەیشتە بەرزترین ئاستی 11 ساڵی ڕابردوو
لە ماوەی سێ چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، شەپۆلی مایەپووچبوونی بازرگانی لە ئەڵمانیا ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کرد و گەیشتە بەرزترین ئاست لە ماوەی 11 ساڵی ڕابردوودا، ئەمەش مەترسی جدی لەسەر ئابووریی گەورەترین وڵاتی ئەوروپا دروستکردووە.
بەگوێرەی نوێترین داتاکانی فەرمانگەی ئاماری فیدراڵی ئەڵمانیا، تا کۆتایی مانگی ئەیلوول، 18 هەزار و 120 حاڵەتی ئیفلاسبوون لە دادگاکان تۆمارکراون. ئەم ژمارەیە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو، ڕێژەی %12 زیادی کردووە.
ڕاپرسییەکی ژووری پیشەسازی و بازرگانی ئەڵمانیا دەرخەری قووڵبوونەوەی قەیرانەکەیە لەنێو کۆمپانیا بچووکەکاندا. ئەنجامەکان دەریدەخەن کە نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەو کۆمپانیایانەی کەمتر لە 20 کارمەندیان هەیە، مەترسی هەڵوەشاندنەوە و داخستنیان لەسەرە. جێگای ئاماژەیە ئەم کۆمپانیا بچووکانە بە بڕبڕەی پشتی ئابووری ئەڵمانیا دادەنرێن و 85%ـی کۆی بازرگانییەکانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن.
زیانەکانی ئەم شەپۆلە تەنیا لە لایەنی دارایی کۆمپانیاکاندا قەتیس نەماوەتەوە، بەڵکو گورزێکی توندی لە کەرتی کار و هەلی کار داوە. بەپێی ئامارەکانی "پەیمانگای لایبنیز" بۆ توێژینەوەی ئابووری:
-ئەمساڵ 170 هەزار هەلی کار زیانیان بەرکەوتووە یان کەوتوونەتە مەترسییەوە.
-ئەم ژمارەیە پێش پەتای کۆرۆنا کەمتر بوو لە 100 هەزار هەلی کار.
ئەم داتایانە ئاماژەن بۆ دۆخێکی ناسەقامگیر لە بازاڕی ئەڵمانیادا، کە ڕەنگە پێویستی بە دەستێوەردانی خێرای حکومەت هەبێت بۆ ڕێگریکردن لە داڕمانی زیاتری کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان.
