زۆرخانەی سەنگتەراشانی کرماشان، شوێنێک بۆ وەرزش و ڕەوشتبەرزی

لە سووچێکی بازاڕی زێڕنگەرانی کرماشان و لە تەنیشت شوێنەواری مێژوویی کاروانسەرای شاعەباسی، یەکێک لە کۆنترین شوێنە وەرزشییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە. ئەم شوێنە، کە ئێستا بە ناوی پاڵەوانی کرماشانی حوسێن گوڵزارەوە دەناسرێ، پێشتر ناوی زۆرخانەی سەنگتراشان بووە.

 وەرزشڤانانی ئەم بوارە دەڵێن لە ڕاهێنانی جەستە گرینگتر، ڕاهێنانی ڕۆح و ڕەوشتی کۆمەڵایەتییە و پاڵەوانانی ئەم بوارە خۆیان بە پشتیوانی هەژاران زانیووە.

زۆرخانەکان لە سەردەمانی پێشوودا و تا بەر لە دروستکرانی یاریگا وەرزشییەکان، تاکە شوێنی وەرزش و راهێنانی لەشجوانی بە شێوەی نەریتی بوون.

لەم وەرزشخانانە کە ئێستا ژمارەیەکی زۆر کەمیان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لێ ماوەتەوە، وەرزشڤانان بە شێوەی نەریتی و بە ئامێری تایبەت، لەگەڵ دەنگی ئاواز و نەوای تەپڵ خەریکی ڕاهێنانی وەرزشی دەبن.

محەممەد ڕەزا ساڵح ئابادی، ئاوازخوێن و تەپڵژەنی زۆرخانە، بە کوردستان 24ـی گوت: جاران، ئەوانەی دەهاتنە زۆرخانە، بە 'کوڕی گەڕەک' دەناسران و پشتیوانیی هەژارانیان دەکرد و وەک پاسەوانی نافەرمیی گەڕەک تەماشا دەکران.

لەم شوێنە جیا زیاتر لە ڕاهێنانی وەرزشی گرنگی بە ڕاهێنانی دەروونی و ئەخلاقی وەرزشڤانان دەدرا. بە شێوەیەک کە ئەو کەسانەی لەو زۆرخانانەدا ناوبانگ و نازناوی پاڵەوانیان وەردەگرت، خۆیان بە پشتیوانی هەژاران و لێقەوماوانی کۆمەڵگاکەیان دەزانی و دەبوونە جێگەی متمانەی خەڵک و هاوشارییانیان. 

پەیمان کازمی، وەزشڤانی زۆرخانە، دەڵێت: زۆرخانە، جێگەی پێگەیاندنی گەنجانە بە ڕەوشت و داب و نەریتی کۆمەڵایەتیی وەک ڕێز و خۆشەویستی و هاوکاری.

زۆرخانەی سەنگتەراشان یەکێکە لە کۆنترین وەرزشخانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە سەردەمی قاجارەکاندا دروست کراوە. و ئێستا زیاتر لە 300 ساڵە هەر بەم شێوەیە وەرزشی لێ دەکرێت. بینای ئەم وەرزشخانەیە لە ساڵی 2019دا لە ڕیزی شوێنەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل