رۆژنامەی گاردیان: ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت بنکەیەکی سەربازی گەورە لە غەززە دروست بکات
روژنامەی "گاردیان"ـی بەریتانی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، خەریکی داڕشتنی پلانە بۆ دروستکردنی بنکەیەکی سەربازی لە ناو کەرتی غەززە کە جێگەی پێنج هەزار سەربازی تێدا دەبێتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، بنکەکە لەسەر رووبەری زیاتر لە 350 دۆنم دروست دەکرێت و دەبێتە بارەگای هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی.
شەممە 21ـی شوباتی 2026، رۆژنامەی "گاردیان"ـی بەریتانی ئاشکرایکردووە، دۆناڵد ترەمۆ سەرۆکی ئەمریکا بەنیازە بنکەیەکی گەورەی سەربازی کە کەرتی غەززە بنیادبنێت، بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی دەست روژنامەکە کەوتوون، ئەم پروژەیە لەلایەن "ئەنجوومەنی ئاشتی"یەوە سەرپەرشتی دەکرێت، کە ترەمپ لە 15ـی کانوونی دووەمی رابردوو دایمەزراندووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم ئەنجوومەنە بەپێی بڕیاری ژمارە 2803ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لە تشرینی دووەمی 2025 دەرچووە رەوایەتیدانی پێدراوە و ئەرکی سەرەکیی سەرپەرشتیکردنی ئاوەدانکردنەوە و بەڕێوەبردنی کاتیی غەززەیە.
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، بەگوێرەی پلانەکە بنکەکە لە باشووری کەرتی غەززە و بە چەند قۆناغێک دروست دەکرێت، لە قۆناغی کۆتاییدا رووبەرەکەی دەگاتە 1400 مەتر درێژی و 1100 مەتر پانی، هەروەها بە 26 تاوەری چاودێری و تەلی دڕکاوی دەورە دەدرێت و چەندین خەندەق و کۆگای گەورەی کەلوپەلی سەربازی و چەکی تێدا بونیاد دەنرێت.
روژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هێشتا روون نییە ئەو زەوییەی بنکەکەی لەسەر دروست دەکرێت هی کێیە، بەتایبەت کە ئێستا زۆربەی ناوچەکانی باشووری غەززە لەژێر کۆنتڕۆڵی سوپای ئیسرائیلدان.
لەم بارەیەوە دیانا بۆتۆ، پارێزەری فەڵەستینی-کەنەدی و ئەندامی پێشووی تیمی دانوستانکاری ئاشتی، رایگەیاندووە، دروستکردنی بنکەیەکی سەربازی بەبێ رەزامەندی خاوەن خاکەکە رجۆرێکە لە داگیرکاری.
بەگوێرەی راپۆرتەکان، ئەمریکا لە گفتوگۆی چڕدایە لەگەڵ وڵاتانی مەغریب، یۆنان و ئەلبانیا بۆ ئەوەی سەرباز بنێرن بۆ ناو ئەو هێزە نێودەوڵەتییەی لە غەززە جێگیر دەکرێت، هاوکات ئەندۆنیزیا رایگەیاندووە، هەزار سەربازی ئامادە کردووە و پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای مانگی نیسانی داهاتوودا رەوانەی کەرتی غەززەیان بکات.