مێتا بەرنامەی مەسنجەر دادەخات

کۆمپانیای مێتا لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ ڕێکخستنەوەی خزمەتگوزارییەکانی، بڕیاری داخستنی بەرنامەی سەربەخۆی "مەسنجەر"ـی فەیسبووکی دەرکرد. بەپێی بڕیارەکە، بەکارهێنەران لە داهاتوودا ناچار دەبن بۆ نامەگۆڕینەوە پەنا بۆ پلاتفۆڕمی سەرەکیی فەیسبووک ببەن، ئەمەش ناڕەزایەتیی لای بەشێک لە بەکارهێنەران دروست کردووە.

شەممە، 21ـی شوباتی 2026، کۆمپانیای مێتا رایگەیاند: کە بەنیازە بەرنامەی سەربەخۆی "مەسنجەر" دابخات و لە نیسانی 2026 بە دواوە ئەو بەرنامەیە چیدیکە بەردەست نابێت.

بە پێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "تێک کرانچ"ی تایبەت بە هەواڵی تەکنەلۆژیا، ئەگەر بەکارهێنەرێک مەسنجەر بەبێ هەبوونی هەژماری فەیسبووک بەکار بهێنێت، ئەوا تەنیا دەتوانێت لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی مۆبایلەوە درێژە بە گفتوگۆکانی بدات. هەروەها بەکارهێنەران دەتوانن مێژووی چاتەکانیان لەسەر هەر سەکۆیەک بگەڕێننەوە بە بەکارهێنانی ئەو کۆدە نهێنییەی (PIN) کە لە کاتی دروستکردنی نوسخەی یەدەگ (Backup) بۆ یەکەمجار لە مەسنجەر داخیلیان کردووە.

بەکارهێنەران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناڕەزایەتیی خۆیان بەرانبەر ئەم نوێکارییە دەربڕیوە، بە تایبەتی ئەوانەی هەژماری فەیسبووکەکانیان ناچالاک کردووە و نایانەوێت بۆ نامەگۆڕینەوە پشت بە پلاتفۆڕمی سەرەکی فەیسبووک ببەستن. هەرچەندە ئەم بڕیارە بێزارکەرە بۆ بەکارهێنەران، بەڵام یارمەتیی مێتا دەدات تێچووەکان کەم بکاتەوە لە رێگەی کەمکردنەوەی ئەو سەکۆیانەی کە پێویستیان بە چاکسازی و بەڕێوەبردن هەیە.

بەرنامەی مەسنجەر سەرەتا لە ساڵی 2008 بە ناوی "فەیسبووک چات" دەستی پێکرد، پاشان لە 2011 وەک ئەپڵیکەیشنێکی سەربەخۆ ناسێندرا. لە 2014ـەوە فەیسبووک نامەگۆڕینەوەی لە ئەپە سەرەکییەکە لابرد بۆ هاندانی خەڵک بۆ بەکارهێنانی مەسنجەر، بەڵام لە 2023 پاشگەز بووەوە و دەستی کردەوە بە تێکەڵکردنەوەی مەسنجەر لەگەڵ پلاتفۆڕمی فەیسبووک.