سەرۆکی شارەوانی هەولێر: 34 هەزار پارچە زەوی دابەشکراوە و ئامادەکاری بۆ قۆناغی شەشەم دەکرێت

سەرۆکی شارەوانی هەولێر ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی فەرمانەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی نیشتەجێبوون، تاوەکو ئێستا پێنج قۆناغی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا کۆتایی هاتووە و تیمەکانیان خەریکی ئامادەکاریی چڕن بۆ دەستپێکردنی قۆناغی شەشەم.

شەممە 21ی شوباتی 2026، کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، نوێترین پێشهاتەکانی پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی ئاشکرا کرد و ئاماژەی بەوە کرد لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆسەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت و تاوەکوو ئێستا لە پێنج قۆناغی جیاوازدا نزیکەی 34 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی شایستەدا دابەشکراوە.

سەرۆکی شارەوانی هەولێر مژدەی دەستپێکردنی هەنگاوی نوێی دا و ڕایگەیاند: تیمە هونەری و کارگێڕییەکانمان بە شەو و ڕۆژ لە کاردان و خەریکی ئامادەکاریی پێویستن بۆ دەستپێکردنی قۆناغی شەشەمی دابەشکردنی زەوی، تاوەکوو لە زووترین کاتدا بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، کارزان عەبدولهادی جەختی لەوە کردەوە، پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت و هیچ فەرمانبەرێکی شایستە بێبەش ناکرێت و دڵنیایی دا و گوتی: تاوەکو یەک فەرمانبەر مابێت کە مەرجە یاساییەکانی تێدابێت و سوودمەند نەبووبێت، پڕۆسەکە ناوەستێت و هەمووان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن.