سووریا نێردەی سەرۆکایەتیی کۆماری بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی حکوومەت و هەسەدە دیاریکرد

بەڕێوبرایەتی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری سووریا، رایگەیاند، نێردەی سەرۆکایەتی کۆماری سووریا لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەتننامەی 29ـی کانوونی دووەم لە پێناو کارئاسانی و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی ئاشتی لە سووریا. 

شەممە 21ـی شوباتی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا رایگەیاند، عەمید زیاد عایش، بە نێردەی سەرۆکایەتی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەم لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات دیاری کرا. دەشڵێت، زیاد عایش سەرپەرشتیی جێبەجێکردنی رێککەوتن و بەدیهێنانی یەکگرتنەوەی هێزەکان دەکات، بە شێوەیەک کارئاسانیی بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەکان و چالاککردنەوەی خزمەتگوزارییەکان و ئامادەیی دەوڵەت بکات. 

ئەم رێککەوتنە بە مەبەستی یەکخستنەوەی هێزەکانی هەسەدە لە نێو سوپای سووریا لە نێوان ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری سووریا و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە کراوە.

 مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە، لەبارەی ئەم رێککەوتنە گوتویەتی، رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەم وەک نەخشەڕێگایەک کارا کراوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات لەژێر چەتری وەزارەتی بەرگریدا رێکدەخرێنەوە و پارێزگاری لە تەواوی ئەو شەڕڤان و فەرماندانە دەکرێت کە بەرگرییان لە خاک کردووە و ئەزموونیان هەیە لە شەڕی دژ بە تیرۆر.