هه‌ولێر.. له نه‌شته‌رگه‌رییه‌كدا ریزێك ددان له ریخۆڵه‌ی ژنێك ده‌رده‌هێنرێت
K24 - هه‌ولێر:
دوای ئه‌وه‌ی ژنێكی ته‌مه‌ن 60 ساڵان له شاری هه‌ولێر، ماوه‌ی 7 رۆژ هه‌ست به ژانه‌سك ده‌كات و به‌رده‌وام ده‌ڕشێته‌وه، سه‌ردانی پزیشك ده‌كات و پشكنینی بۆ ده‌كرێت، به‌ڵام له پشكنین و ته‌نانه‌ت تیشكیش هیچ شتێك ده‌رناكه‌وێت.
به گوێره‌ی گوته‌ی پزیشكی پسپۆڕ، ئه‌و ژنه سه‌ردانی پزیشكی كردووه، دوای ئه‌نجامدانی پشكنین و تیشك، هیچ شتێك له ناو ریخۆڵه‌ی ئه‌و ژنه ده‌رنه‌كه‌وتووه، هیچ هۆكار و گرفتێكی دیكه‌ی ته‌ندروستیش وه‌ك هۆكاری ژانه سك و رشانه‌وه‌ی ئه‌و ژنه دیارینه‌كراوه، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت كه به گوێره‌ی هه‌ندێك پشكنین ده‌ركه‌وتووه گرفته‌كه له ریخۆڵه باریكه‌ی ژنه‌كه‌دایه.
بۆیه پزیشكی پسپۆڕ بڕیار له ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ریی ده‌دات به‌و پێیه‌ی كێشه‌ی ته‌ندروستییان له ریخۆڵه باریكه‌ی ئه‌و ژنه ده‌ستنیشانكردبوو، دواتر له نه‌شته‌گه‌رییه‌كدا، كه زیاتر له كاتژمێرێكی خایاند، توانرا ریزێك ددان له ریخۆڵه باریكه‌ی ژنه‌كه ده‌ربهێنرێت، كه ریخۆڵه‌ی ژنه‌كه‌ی داخستبوو.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، ئه‌و ژنه له كاتی خه‌ودا ئه‌و پارچه تاقمه ددانه‌ی قووتداوه به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكات، تا كار گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی هه‌ست به ئازار بكات.
به گوێره‌ی گوته‌ی پزیشكی پسپۆڕ، ئێستا ژنه 60 ساڵییه‌كه هه‌ست به باشی ده‌كات و ته‌ندروستی باشه، ئه‌مڕۆش دوا پشكنینی بۆ ده‌كرێت و ره‌وانه‌ی ماڵه‌وه ده‌كرێته‌وه.