"تاوانباری یەكەمی ریال مەدرید ئاشكرا دەبێت"
لە راپرسییەكدا هۆكاری ئەنجامە خراپەكانی ریال مەدرید دەستنیشان دەكەن
زۆربەی هاندەرانی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، پێیانوابوو کە هۆکاری یەکەمی ئەنجامە خراپەکانی ئەم وەرزەی یانەکەیان چابی ئاڵۆنسۆ راهێنەری یانەکەیە، بەڵام بە گوێرەی راپرسیەکی باوەڕپێکراو کە رۆژنامەی مارکا ئەنجامیداوە، هۆکاری سەرەکی ئەنجامە خراپەکان راهێنەری یانەکە نییە.
یانە شاهانەکە بە بردنەوە بەرامبەر سێڤییا کۆتایی بە ساڵی 2025 هێنا، بەڵام ئەو بردنەوەیەش گومانی خراپی هاندەران لەسەر یانەکە نەسڕییەوە، دوای یارییەکە رۆژنامەی مارکای نزیک لە یانەکە راپرسیەکی ئەنجامدا و لە راپرسیەکە پرسیاری هۆکاری سەرەکی خراپی ئەنجامەکانیان کرد.
لەو راپرسیە کە نزیکەی 100 هەزار کەس بەشداریی کرد، بە رێژەی 61% هۆکاری سەرەکی ئەنجامە خراپەکانی ئەم وەرزەی یانەکەیان بۆ ئاستی یاریزانەکان گەڕاندەوە، واتە زۆرینەی هاندەرانی مێرنگی پێیانوایە بە پلەیەک یاریزانەکان هۆکاری ئەنجامە خراپەکانن.
لەو راپرسیە بەشداربووان بە رێژەی تەنها 16% چابی ئاڵۆنسۆ راهێنەری یانەکەیان، بە هۆکاری ئەنجامە خراپەکانی یانەکەیان دەزانن، هەروەها 23% هاندەرانی یانەکەش، دەستەی کارگێڕی یانەکە بە هۆکاری ئەنجامە خراپەکانی یانەکەیان دەزانن.
هەر لەو راپرسیەی رۆژنامەی وەرزشی مارکا 74% هاندەرانی یانەی ریاڵ مەدرید دەنگیانداوە بە مانەوەی چابی ئاڵۆنسۆی راهێنەری یانەکەیان تاوەکو کۆتایی وەرز، 14% هاندەران داوای دوورخستنەوەی دەکەن و ئەوانی دیکەش کە بە رێژەی 10%ـەن داوایان کردووە تاوەکو جامی سوپەر دەرفەتی پێبدرێت.
ئاڵۆزترین بەشی راپرسیەکەی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی تایبەتە بە ڤینیسیۆس جونیۆر هێرشبەری یانەیە، 86%ـی هاندەرانی یانەی ریاڵ مەدرید داوا دەکەن ئەو یاریزانە بفرۆشرێت و تەنها 7% لە هاندەرانیش داوای مانەوەی ئەو یاریزانە دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی ئەو راپرسیە لە 79% هاندەرانی یانە شاهانەکە داوا دەکەن لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانی نوێ بگوازنەوە، هەروەها لەو رێژەیە 73% داوای ناوەڕاست دەکەن و 20% داوای بەرگریکاری دیکە دەکەن و تەنها 7% لە هاندەران داوای گواستنەوەی هێرشبەری نوێ بۆ یانەکەیان دەکەن.
لە کۆتا بڕگەی راپرسیەکە پرسیاری ئەم وەرزە لەبارەی بەدەستهێنانی ناسناوەکان لە هاندەرانی یانە شاهانەکە کردووە، سەدا 68 پێیانوایە یانەکەیان ئەمساڵ نە لالیگا و نە چامپیۆنزلیگ ناباتەوە، لە بەرامبەردا سەدا 20 گەشبینن بە بەدەستهێنانی ناسناوی لالیگا و سەدا 12ـش پێیانوایە یانەکەیان لالیگا و چامپیۆنزلیگ دەباتەوە.
