لە گوندێکی سوەیدا دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سووریا کوژران

ئەرشیفی هێزە ئەمنییەکانی سووریا لە لادێکانی سوەیدا
ئەرشیفی هێزە ئەمنییەکانی سووریا لە لادێکانی سوەیدا

تەلەفزیۆنی فەرمیی سووریا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، دوو ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گوندی "ڕیمە حازم" لە ڕۆژئاوای سوەیدا کوژراون.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ئەو دوو ئەفسەرە لە ئەنجامی تەقەی ئەو گرووپانە کوژراون کە بە "باندە یاخیبووەکان" لە سوەیدا ناو دەبرێن؛ هەروەها ئاماژە بە هەوڵێک دراوە بۆ پێشڕەویکردن بەرەو پێگەکانی هێزە ئەمنییەکان، وەک پێشێلکارییەکی نوێی ئاگربەست هەژمار کراوە.

 "سکای نیوز عەرەبی" بڵاویکردەوە، هێزەکانی ناسراو بە "پاسەوانی نیشتمانی" کە سەر بە شێخ حیکمەت ئەلهیجری-ن، بە دۆشکەی قورس شارۆچکەی "مەزرەعە"یان لە ڕۆژئاوای سوەیدا کردووەتە ئامانج.

حکوومەتی سووریا پێشتر لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی نیشتمانیی بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و لێپرسینەوە لەو کەسانە پێکهێنابوو کە دەستیان هەبووە لەو تێکهەڵچوونە توندوتیژانەی لە مانگی تەممووزی 2015 لە پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا ڕوویاندا، بووە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس و ئاوارەبوونی زۆرەملێ.

ئەو ڕووداوانەی لە نێوان هۆزە بەدەوییەکان و گرووپە ناوخۆییە درووزەکاندا سەریان هەڵدا، ترسی پەرەسەندنی ململانێی تائیفییان لەو ناوچە هەستیارەدا دروست کرد، زۆرینەی دانیشتووانەکەی درووزن؛ ئەمەش بووە هۆی دەستێوەردانی نێودەوڵەتی بە سەرپەرشتیی ئوردن و ئەمەریکا. ئەو ئاڵۆزییانە گیانلەدەستدانی زیاتر لە 50 کەس، برینداربوونی سەدان کەس و ئاوارەبوونی هەزاران کەسی لێکەوتەوە، جگە لە دزینی مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەت و تێکدانی موڵک و ماڵ. ڕووداوەکان بە "خوێنڕشتنی تائیفی" وەسف کران و ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بە کوشتن و ڕفاندنی دەرەوەی یاسا لەلایەن هەردوولاوە کردووە.

ئەم کاردانەوانە بوونە هۆی واژۆکردنی چوار ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لە ئوردن لە مانگی ئابی 2025، بە بەشداریی سووریا، ئوردن و ئەمەریکا، بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل