ساردبوونی پێیەکان زەنگی هۆشیارکەرەوەیە بۆ چەندین کێشەی تەندروستی
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکی بەشی پزیشکیی چارەسەرییەکان لە زانکۆی پیرۆگۆڤ لە ڕووسیا، ساردبوونی پێیەکان ڕەنگە ئاماژەیەک بێت بۆ هەبوونی کێشە لە دەمارەکان یان تووشبوون بە کەمخوێنی.
پڕۆفیسۆر "ڤێرا لارینا" دەڵێت: ساردبوونی بەردەوامی پێیەکان دەکرێت نیشانەی چەندین کێشەی جیاوازی تەندروستی بێت، لەوانە: دابەزینی پلەی گەرمی جەستە، ڕەقبوونی خوێنبەرەکان (Atherosclerosis)، تێکچوونی میتابۆلیزم و کەمخوێنی.
ڕوونیشی کردەوە، دابەزینی پلەی گەرمی جەستە بۆی هەیە ببێتە هۆی تێکچوونی سووڕی خوێن لە هەندێک بەشی جەستەدا، کە لەگەڵیدا دەمارەکان کەمێک گرژ دەبن و سیستەمی بەرگریی جەستەش لاواز دەبێت، کاریگەریی ئەم حاڵەتەش لە کاتی فشاری دەروونیی درێژخایەن زیاتر دەبێت.
هۆکاری دووەمیش، ڕەقبوونی خوێنبەرەکانە؛ چونکە دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەی بۆرییەکانی خوێن لە پەلەکانی خوارەوە (قاچەکان) و خاوبوونەوەی جووڵەی خوێن، ئەمەش هەستکردن بە سەرما لە پێیەکاندا زیاد دەکات.
پڕۆفیسۆر لارینا ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو کەسانەی نەخۆشییەکانی دڵ و دەمارەکانی خوێنیان هەیە، یان کێشەی زیادبوونی چەوریی خوێن و نەخۆشیی شەکرەیان هەیە، بەتایبەتی بەساڵاچووان، زیاتر ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە نەخۆشیی شەکرە ڕەنگە زیان بە بۆرییە وردەکانی خوێن (Network of capillaries) بگەیەنێت، ئەمەش ڕێگری لە گەیشتنی خوێن بۆ پەلەکان دەکات.
هەروەها هەندێک نەخۆشیی (کۆئەندامی کوێرەڕژێیەکان) دەبنە هۆی تێکچوونی میتابۆلیزم، کە کاریگەریی دەکاتە سەر توانای جەستە بۆ ئاڵوگۆڕی گەرمی و گەیاندنی وزە بۆ خانەکان، بەوەش هەستیاریی بەرانبەر سەرما زیاد دەکات.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کرد کە دابەزینی ئاستی هیمۆگڵۆبین و کەمیی ئۆکسجین لە شانەکاندا، دەبێتە هۆی ئەوەی جەستە هەست بە سەرما بکات، بەتایبەتی لە پەلەکاندا.
