عەلی ئەڵوەنی: تابلۆیەکم پێشکەشی مەسرور بارزانی کرد کە شیعرێکی خۆی بوو بەناوی "دەردە دڵی کەرکووک"

خۆشنووس و شێوەکار عەلی ئەڵوەنی، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا لەگەڵ کوردستان24، باس کارە خۆشنووسی و تابلۆکانی دەکات و تیشک دەخاتە سەر تابلۆیەکی کە سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی زۆر پێی سەرسام بووە و دەڵێت: تابلۆیەکم پێشکەشی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی کرد، کە تابلۆکە شیعرێکی خودی خۆی بوو لەسەر شاری کەرکووکی دڵی کوردستان بەناوی "دەردە دڵی کەرکووک".

عەلی ئەڵوەنی چۆن لە هێلە زەغڕەفیەکاندا جێگەی بووەتەوە؟
من و هێڵەکان عەشقێکی زۆر لەنێوانماندا هەیە، بۆیە هەر هێڵێک دەکێشم گفتووگۆی عەشقێکی زۆر جوان و نایاب لەنێوانمان دوورست دەبێت.

خانەقین و هێلەکانی خۆشنووسی و زمانی تابلۆ چ خۆشەویستیەکی بە تۆی هونەرمەند بەخشی؟
خانەقین خۆی ناوەندیی هونەرە، هەر تابلۆیەک بنووسم لەکاتی مەشقکردندا دەبێت ووشەیەک بەزاراوەی خانەقینی بنووسم، هەروەها هونەرمەندانی خۆشنووسی خانەقین زیاتر منیان نزیک کردەوە لەو هونەرە و من شانازی بەهەموویان دەکەم.

یەکەم ژوانی تۆ و هونەری خۆشنووسی لە کوێ دروست بوو چۆن بوو ئەو هونەرەت هەڵبژارد؟
من هەر لەمنداڵیەوە خۆشەویستیم بۆ هەموو بوارە جیاوازەکانی هونەر هەبووە، عەشق و جوانی خۆشنووسی چێژێکی هێندە زۆری پێمدا و وای لێکردم لەناو هەموو بوارە جیاوازەکانی هونەردا ئەو هەڵبژێرم.

پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و دروستبوونی هێڵەکان لە زانستی کۆمپیوتەردا کاریگەریی بەسەر هونەری ئێوەدا نییە؟
ئەگەر پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا خزمەتی بەهەموو دونیا گەیاندبێت لەهەموو بوارەکاندا، بەڵام ئازاری هونەری خۆشنووسی زۆر داوە، چونکە هونەرەکەی شێواند و دەست و پەنجەی مرۆڤی لە پێنووس تۆراند و دووریخستەوە، ئەوەش  وای کرد کە کەسانێکی خاوەن بڕوانامەی بەرزن لەو بوارەدا، بەڵام نووسینەکانیان لەسەر کاغەزدا وەکو ئەوە وایە کە منداڵێکن لەباخچەی ساوایانەوە دەچن بۆ قوتابخانەی سەرەتایی.

دەگوترێت سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرسام بووە بە یەکێک لە تابلۆ خۆشنووسیەکانت و ئێوەی هونەرمەند چیتان پێشکەش بەو خزمەتەی ئەوان کردووە؟
 بەشانازیەوە تابلۆیەکم پێشکەشی مەسرور بارزانی کرد، کە تابلۆکە شیعرێکی خودی خۆی بوو لەسەر شاری کەرکووکی دڵی کوردستان بەناوی "دەردە دڵی کەرکووک"، زۆر بە تێڕامانەوە سەیری ئەو تابلۆیەی دەکرد و دەستخۆشی لێکردم، ئەوەش بەڕاستی هاندانێکی باش بوو بۆ من.

ڕق و کینە لە هونەری تۆدا جێگەی بۆ کراوەتەوە؟
وشەی ڕق زۆر دورە لەدڵی هونەرمەندانی ڕاستەقینە، کە ڕق لە دڵت بوو بەهیچ شێوەیەک نابێت بەخۆت بڵێی هونەرمەند،  چونکە ڕق و هونەر  دوو شتی زۆر جیاوازن.

ئەگەر خانەقینیەکان داوایەکت پێشکەش بکەن تۆ چۆن وێنای تەها ئاغاجانی هونەرمەند و هاوشاری خۆت دەکێشیت؟
 تەنیا پێیان دەڵێم خۆزگە یەک پەیکەری هونەرمەندی گەورەی کۆچکردوو تەها ئاغاجان درووست بکەین، چونکە تەها ئاغاجان  نمونەیەک بوو لە بەتواناترین هونەرمەند و خۆشەویستی هەموو خەڵکێک بوو.

ڕاستە لە مردنیشدا پێویستمان بە خۆشنووسێکە ناومان لەسەر کێلێکی بێ ڕوحدا بنووسێت، کە گوزارشت لە کەسایەتیمان بکات؟
 کەسیک بەجوانترین شێوە ناوی دەنووسرێت لەسەر کێڵی قەبرەکەی کەچی خۆی نایبینێ، تەنها ئەو نزایانە نەبێت کەپێی دەگات، هەروەها ئەو هونەرمەندە لە نێوان دوو هەڵبژاردەیە کە هەردووکیان زۆر قورسە، ئەویش لەبەر ئەوەیە کە تۆ ناوی ئازیزێکت دەنووسی لەسەر کێلی قەبرێک بەناخێکی زۆر خەمناکەوە، چونکە تۆ پەیوەستی بەوەی کە پارە پەیدا بکەی بۆ بژێوی ماڵ و منداڵەکانت بەو هونەرە.

وەک هونەرمەندێک خاوەنی چەند پێشانگای تایبەت و هاوبەشی؟
سێ پێشانگەی تایبەتیم کردۆتەوە، هەروەها چەند پێشانگەیەکی هاوبەشم لە شارەکانی هەولێر و بەغدا و ئیماڕات کردۆتەوە.

بەر لە مەرگ چ تابلۆیەکی عەشق پێشکەش بە خانەقین و مەندەلی دەکەیت، کە زێدی تۆی هونەرمەندە و دڵت بۆ ژوانی ئەو دەڤەرە لێدەدات؟
خانەقینیەکان فرە خوەشتان توام.

خۆشنووس و شێوەکار عەلی ئەڵوەنی، خەڵکی خانەقینە و دانیشتووی شاری هەولێرە، پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی بەشی سیرامیکی تەواو کردووە، خاوەنی چەندین پێشانگەی تایبەت و هاوبەشە لەناوەوە و دەرەوەی کوردستان.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل