ڕەوندەکانی ئیلام سەرچاوەیەکی گەورەی داهاتی ئابووریی ئێرانن

کۆمەڵگەی ڕەوەندی ئیلام، تەنیا %10 دانیشتووانی ئەم پارێزگایە پێک دەهێنن، بەڵام ساڵانە بەبەرهەمهێنانی زیاتر لە 100 هەزار تۆن شیرەمەنی، بەشێکی گەورەی داهاتی ئابووریی وڵات پێک دەهێن.  

سێشەممە، 23 کانوونی یەکەم، 2025 ئاژانسی هەواڵی 'ئیرنا' ڕاپۆرتێکی دەربارەی ژیان و گوزەرانی ڕەوەندەکانی دەشتی مەیمەکی پاریزگای ئیلام نووسیوە، تێیدا هاتووە "دەشتی فراوانی مەیمەک، دەکەوێتە 90  کیلۆمەتری ڕۆژئاوای شاری ئیلام، شوێنی ژیان و کاری ڕەوەندەکانە. لێرە، نە گوێت لە ژاوە ژاوی شارە و نە پیسیی ژینگە دەبینیت، لێرە چەندی بتەوێ، کار و بەرهەمی پڕ خێر و بەرەکەت هەیە."

ئافرەتان و پیاوانی ڕەوەند، لەم دەشتە پان و بەرینەدا، بە ئارامیی و چالاکانە، سەرقاڵی کار و بەرهەمهێنانن. 

خاتوو موحتەرەم، ئافرەتێکی ڕەوەندە، بەدەم دۆشینی ماڵاتەکەیەوە دەڵێت: ڕۆژانە، لە کاتژمێر چواری بەیانییەوە لە خەو هەڵدەستم و لەگەڵ هاوسەرەکەمدا دەست بە دۆشینی ماڵاتەکەمان دەکەین. خەو و بێداریی ئێمەی ڕەوەند، بە کات دیاریی نەکراوە، بەڵکوو ماڵاتەکانمان دیاریی دەکەن کەی بنووین و کەی بێدار بین!

خاتوو موحتەرەم، بە شانازییەوە دەڵێت: ئێمە لێرە بەرهەمهێنین، نەک بەرهەمخۆر! خۆمان کەرە، ڕۆنی خۆماڵیی بەناوبانگی کرماشانی، کەشک، ماست و دۆ و پەنیر، بەڕەنجی شانمان بەرهەم دێنین. ئەمە جگە لە جل و بەرگ و ڕایەخ. 
ئەم خاتوونە زەحمەتکێشە، کە بە خێرایی و شارەزاییەوە، بێماندووبوون، کار دەکات، دەڵێت: لێرە، ژن و مێرد، کوڕ و کچ، پێکەوە کار دەکەین و وەک کۆڵەکەی ڕەشماڵەکانمان پشتیوانیی یەکترین.

لەم دەشتە بەپیتەدا، نزیکەی 10 هەزار خێزانی ڕەوەند دەژین. ئەمانە، ڕەشماڵەکانیان کردووەتە کارگەی بەرهەمهێنانی شیرمەنیی خۆماڵیی. 

 

فەرشاد یاسەمی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ڕەوەندەکانی ئیلام، دەڵێت: ژمارەی ڕەوەندەکانی پارێزگای ئیلام زیاتر لە 60 هەزار کەسن و زۆربەیان لە دەشتی بە پیتی 'مەیمەک' دەژین. لە ڕواڵەتدا ئەوان ژیانێکی سادە و ئاسانیان هەیە؛ بەڵام ئەگەر بە وردی سەرنجیان بدەین، کۆڵەکەیەکی بنەڕەتیی ئابووریی پارێزگای ئیلام و ئێران پێک دەهێنن.

یاسەمی، گوتیشی: بەرهەمی ساڵانەی ڕەوەندەکانی ئیلام دەگاتە نزیکەی حەوت هەزار ملیار تومەن. ئەم بەرهەمانە بریتین لە شیرمەنی، گۆشتی سوور، کاری دەستیی وەک ڕایەخ و جل و بەرگ.

بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ڕەوەندەکانی ئیلام، جەختی لەوە کردەوە "ڕەوەندەکان، بە کەمترین تێچوو و سەختترین بارودۆخی گوزەران، زۆرترین و پاکژترین جۆری شیرمەنی و گۆشت بەرهەم دێنن."

سەباری ئەوانە، ڕەوەندەکان، لە زۆربەی خزمەتگوزارییەکان بێبەشن و ڕێگەوبانەکانی ناوچەکە خراپ و نەگونجاون، هێشتا کارەبا نەگەیشتووەتە ڕەشماڵەکانیان و هیچ بنکەیەکی تەندروستییان بۆ دانەنراوە. 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل