شاندی ئیمراڵی و وەزیری دادی تورکیا لە کۆبوونەوەدان
شاندی ئیمراڵی لە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە چوارچێوەی هەوڵەکانی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ یڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا لە کۆبوونەوەدان.
شاندەکەی ئیمراڵی کە پێکهاتووە لە میدحەت سانجار، پەروین بوڵدان و فایق ئۆزگور ئەڕۆڵ ئەمڕۆ سێشەممە 23ی کانوونی یەکەمی 2025، گەیشتنە باڵەخانەی وەزارتی دادی تورکیا، بڕیاریشە دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەکەیان، ڕاستەوخۆ بەرەو باڵەخانەی پەرلەمان بەڕێ بکەون و بڕیارە کاتژمێر 12:30 خولەکی پاشنیوەڕۆ لەگەڵ نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆببنەوە.
سەردانی شاندەکەی ئیمراڵی بۆ لای پارتە سیاسییەکان و بەپرسە باڵاکانی تورکیا، لە کاتێکدایە کۆمیسیۆنی ئاشتی پەرلەمانی تورکیا سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی هاوبەش لەبارەی پرۆسەی ئاشتییە.
دوێنێ دووشەممە، لە دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی نێوان شاندی ئیمراڵی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە، لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا، ئۆزگور ئۆزەل گوتی: "ئومێد دەکەین فرمێسکڕشتن لەم وڵاتە کۆتایی بێت و برایەتی و ئاشتی باڵادەست بێت، بۆ ئەوەی تورک و کورد و هەموو پێکهاتەکان دڵنیابن لە داهاتووی منداڵەکانیان، باشترین پەروەردە وەربگرن.
لەلایەن خۆیەوە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی گوتی: دیدارێکی زۆر گرنگ و بەرهەمدارمان هەبوو. بە وردی گفتوگۆمان لەبارەی قۆناغەکانی پڕۆسەکەوە کرد. لەم وەرچەرخانە مێژووییەدا، ئێمە گرنگییەکی زۆر بە ڕۆڵی بنیاتنەری پارتی گەلی کۆماری دەدەین."
بوڵدان ئاماژەی بەوەش دا: "هۆکاری بوونمان لێرە ئەوەیە پرسی کورد پرسێکی سەروو سیاسەتە و چارەسەرکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتیی هەموومانە. ئاشتی، بێگومان، شایستەی تورکیایە. ساڵانێکی دوورودرێژ پڕۆسەیەکی پڕ لە پێکدادان بەڕێوەچوو. لەم جوگرافیایەدا خوێنێکی زۆر ڕژا، دایکان گریان، گەنجان چوونە ژێر خاک و لاشەی گەنجەکان نێژران."
